سەردێڕ:

لە ٦٤وە بۆ ڕیفراندۆم

8/10/2020 6:51:12 PM
7823 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

یەکێک لە ترسناکترین جیھانبینی کورد، لە بیرچوونەوەی دوێنێیە. ئەو رووداوە گەورانەی مێژوو ئەو کەوتن و ھەستانەوانە، ئەو رێککەوتنە نێودەوڵەتیانە بە ئەرێنی و نەرێنییەوە لە زاکیرەی سیاسی حزبی کوردی، زانکۆی کورد، رۆشنبیری کورد، ھەڵوێستەیەکی جدی لەسەر نەکراوە. نەھێنراوەتە ژێرباری گفتوگۆ، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی ھەمووجار کورد وەک سیزیف دەگاتە لوتکە و دێتەخوارەوە و بەر نەفرەتی مێژوو دەکەوین.

ئەمڕۆ یادی ڕێککەوتننامەی سیڤەرە، کە لە ١٠ ی ٨ ی ساڵی ١٩٢٠ لە فەرەنسا بەڕێوەچوو، لە نێوان براوەکانی جەنگی یەکەمی جیھانیدا بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، بەڕێوە چوو، لە بەرامبەر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی وەک دۆڕاوی جەنگ. ئەم ڕێککەوتنە چەند دەوڵەتێکی لەژێر ئینتیدابی فەرەنسی، بەریتانی بەدوای خۆیدا ھێنا، بڕیاربوو دەوڵەتێک بۆ ئەرمەنی دروستبکەن، لەھەمانکاتدا ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم بۆ کورد دروست بکرێت. ئەگەر ھەلی گەشەکردنی بۆ دەوڵەت ھەبوو رێگای پێبدرێت، لێرەدا پرسیارێک سەرھەڵدەدات، بۆچی بۆ نەتەوەکانی دیکە دەوڵەت دروستکرا و بەڵام بۆ کورد ناوچەی ئۆتۆنۆم؟ ئایا ئەو کاتەش ناتەبایی کورد وای کردبوو، کە زلھێزەکان بەردەوام نەبوون لە پەیمانەکەیان؟ یاخود کورد ئامادەی فەرھەنگیی نەبوو بۆ دەوڵەت، ئەگینا مادەی ٦٤ پەیمانی سیڤەر دەسکەوتێکی گەورە و دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی بوو بۆ کورد، کەچی لۆزانی بەدوادا دێت و ڕیسەکە دەکاتەوە بەخوری، لەوکاتەوە کورد کەوتوەتە نێو بەرداشی چەندین ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییەوە.

دوا ھەڵزنانی کورد بەرەو لوتکە ریفراندۆم بوو، کەچی لە ئاستی جیھانیدا پێشوازی لێنەکرا ھەرچەندە بە پێوەری ھەموو بەھاکان مافێکی سەرەتای کورد بوو، بەڵام ئەوە بەھاکان نین نەخشی سیاسی دەکێشن، ئەوە بەرژەوەندییەکانن پەیوەندییەکان ڕێکدەخەن. ئەگەر بەراوردی سەردەمی سیڤەر و ریفراندۆم بکەین تێگەشتنێکمان بۆ دروست دەبێت ئێمە لەکوێی ئەقڵی سیاسی و تێگەشتنی بەرژەوەندییەکانداین، لە کاتێکدا مادەی ٦٤ی سیڤەر سەروەختی دانپێدانانی کوردە، کە پێش ڕیفراندۆم و لەکاتی شەڕی داعشدا گوایە کورد نوێنەرایەتی جیھانی دەکرد. لە ھەردوو سەردەمەکەدا ھەوڵدان بوو بۆ بەرجەستەکردن و دانپێدانانی کێشەی کورد و چارەسەری بوو لە ئاستی نێودەوڵەتی و لەژێر چاودێری براوەکانی جەنگ ئەوسا و لە ئێستادا، لە ھەمانکاتدا نیشاندان و کەوتنە ژێر پرسیاری بەھا نێودەوڵەتییەکان و ئەخلاقی نێودەوڵەتی کە لەبەر بەرژەوەندی لە ھەموو پەیمانێک پەژێوان دەبنەوە.

لە یادی ڕێککەوتنی سیڤەر و مادەی ٦٤ دا گرنگ نییە بۆ ڕویدا، چونکە تازە بوو بە مێژوو چ سیڤەر و چ ڕیفراندۆم، گرنگ ئەوەیە کورد چۆن لەو ڕوداوانە تێبگات. بۆ ئێمە لە ئاستی جیھاندا ناوە ناوە بەرنەفرەت دەکەوین دەبێت کورد ناوەندی لێکۆڵینەوەی گەورە دروستبکات بۆ تێگەشتن لەو کەوتنانە، لە ھەمانکاتدا دەبێ دان بەوەدا بنێین کورد ئامادەی فەرھەنگی لەسەر ئاستی تاک و کۆ نییە بۆ قبوڵکردنی دەسکەوتی گەورە و دەوڵەتی، کەواتە دەبێت کار بۆ پەروەردەی تاکی بە ئێرادە و خاوەن فەرھەنگ بکەین بۆ بنیادنانەوەی کەسایەتی بەتایبەتی لەم قۆناغەدا، کە لەسەر ئاستی تاک و کۆ خەڵک زۆر بێمتمانەیە بە پرۆسەی سیاسی، ئەمەش خاڵێکی زۆر لاوازە و دوژمن سوودی لێوەردەگرێت. ئێستا لە کاتێکدا یادی سیڤەر دەکەینەوە ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات. ئایندەی کورد دیارنییە لە مەحەلی ئەو گۆڕانکارییانەدا، بۆیە پێویستە کورد بگاتە ڕێککەوتنی ناوخۆ ئەم خاڵانە لەبەرچاوبگرێت:

١ـ پێش ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ھێزە سیاسییەکان کێشەکانیان چارەسەربکەن ھەتا شەپۆلی گۆڕانکارییەکان کۆتایی دێت و ھەرچی جیاوازییە وەلای نێن خۆ ئامادە بکەن بۆ پێشھاتەکان.
٢ـ ئەگەر چارەی موچە نەکرێ کارتی گەمەی گفتوگۆی کورد لاوازتردەبێت. بۆیە پێویستە چارەسەربکرێت. کەواتە لەیادی بەندی ٦٤ سیڤەردا پێویستمان بەخۆداچونەوە ھەیە، بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی کورد لە باشور و ڕۆژئاوا لۆزانێکی دیکە بەرھەم نەھێنێتەوە. دەکرێ ئەوەش بخەمەوە بیر کۆبونەوەکەی پارتی و یەکێتی کە بڕیارە سبەی ١٠ ی ٨  لە دوکان بەڕێوەبچێت پێویستە ڕۆشناییەکەی بەندی ٦٤ سیڤەرو تارماییەکانی لۆزان و نادیارییەکانی ئێستایان لەبیربێت.