نانی بەیانی یەکێکە لە
ژەمە سەرەکییەکان و زانایان رایدەگەیەنن، تەندروستترە کە نانی بەیانی زوو بخورێت و
لە نێوان کاتژمێر شەش بۆ حەوتدا بێت، بەو جۆرە لە مردنی پێشوەختە بەدوردەبن.
بەگوێرەی
توێژینەوەیەکی زانستی کە گۆڤاری نیوتریشن بڵاویکردووەتەوە، بۆ تەمەنێکی درێژ و
بەدوربوون لە مردنی پێشوەختە، گرنگە نانی بەیانی کاتژمێر حەوتی بەیانی بخورێت، بۆ
ئەمەش زانایان ژەمی یەکەمی رۆژیان بە تەمەن درێژییەوە بەستووەتەوە.
توێژینەوەکانی پێشتر
رایانگەیاندووە، خواردنی نان لە کاتی درەنگی شەودا کاریگەریی لەسەر کاتژمێری
بایۆلۆجی جەستە دروست دەکات و مەترسیی توشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو و
نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات، هەر بۆیە زانایان لێکۆڵینەوەیان لەسەر کاتی خواردنی
نانی بەیانی کردووە کە ئایا ئەم ژەمەش هەمان کاریگەریی لەسەر جەستە دەبێت؟
توێژینەوەکەی زانایانی
زانکۆی نیویۆرک لێکۆڵینەوەیان لەسەر ٣٤ هەزار ئەمریکی کردووە کە تەمەنیان لەسەرو
٤٠ ساڵەوە بووە، کاتەکانی نانخواردنیان وەرگرتووە و بەراوردیان کردووە بە تێکرایی
مردن، چەند ساڵێک سەرقاڵی توێژینەوەکە بوون.
لە ئەنجامدا دەرکەوتووە،
ئەو کەسانەی نانی بەیانی لەنێوان کاتژمێر شەش بۆ حەوتی بەیانی دەخۆن لە ٪٦ مەترسیی
مردنی پێشوەختەیان کەمترە بە بەراورد بەو کەسانەی نانی بەیانی لە کاتژمێر هەشتی
بەیانی دەخۆن کە مەترسیی مردنی پێشوەختەیان بە ڕێژەی لە ٪١٢ لەو کەسانە کەمترە کە
کاتژمێر ١٠ی بەیانی نانی ژەمی یەکەمیان دەخۆن.
ئاماژە بەوەکراوە،
نەخواردنی نانی بەیانی یان درەنگخواردنی کاتژمێری نانخواردن لە جەستەدا
لەکاردەخات، کە بەرنامەیەکی ڕێکخراوی ناوەکی جەستەیە و کۆنترۆڵی دەردانی هۆڕمۆن و
ئاستی تواندنەوەی ماددە خۆراکییەکان وەک گلوکۆز دەکات، هەر بۆیە درەنگ خواردنی
نانی بەیانی ئاستی شەکر لە خوێندا بەرز دەکەنەوە، هەر بۆیە بەردەوام بەرزبوونەوە مەترسیی نەخۆشی شەکرە و قەڵەوی
ونەخۆشییەکانی دڵی لێدەکرێت و لە ئەنجامدا مردنی پێشوەختەی لێدەکەوێتەوە.
ئ.ل