ئەم کەسانە نابێت شەربەتی چەوەندەر بخۆنەوە

PM:02:10:12/04/2025

27152 جار خوێندراوەتەوە

چەوەندەر بە خۆراکێکی تەندروست ناسراوە کە دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکییەکان و دژە ئۆکسێنەرەکان، بەڵام بۆ بەشێک لە خەڵکی چەندین کاریگەری لاوەکی زیان بەخشی هەیە.

خواردنی شەربەتی چەوەندەر بە ڕێژەیەکی مامناوەند بە سەلامەت و بەسوود دادەنرێت، بەڵام خواردنی بە زیادەڕۆیی یان لە کاتی هەڵەدا بە تایبەت بە گەدەی بەتاڵ، دەبێتە هۆی کۆمەڵێک کاریگەری لاوەکی.

بەپێی ماڵپەڕی "healthsite"، پسپۆران ئاماژە بەوە دەکەن خواردنەوەی شەربەتی چەوەندەر بۆ ئەم کەسانە کاریگەری لاوەکی هەیە، ئەوانیش وەک:

١. ئەو کەسانەی بەدەست نزمی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن چونکە ئەم خواردنەوەیە دەوڵەمەندە بە نیترات، کە جەستە دەیگۆڕێت بۆ ئۆکسیدی نیتریک کە ئەمە یارمەتی ئارامکردنەوە و فراوانکردنی خوێنبەرەکان دەدات ئەمەش مەترسیدارە بۆ ئەوانەی پەستانی خوێنیان ئاساییە یان نزمە.

٢. ئەوانەی کە کێشەی گورچیلەیان هەیە، بەو پێیەی چەوەندەر ڕێژەیەکی بەرزی مادەی ئۆکسالاتی تێدایە ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە بەردی گورچیلە زیاد دەکات، بەتایبەتی کاتێک زیادەڕۆیی لە خواردنی شەربەتی چەوەندەر دەکرێت.

٣. ئەگەر تووشی کێشەی درێژخایەنی ڕیخۆڵە بوویت ئەوا زیادەڕۆی مەکە لە خواردنەوەی شەربەتی چەوەندەر چونکە بە شێوەیەکی سروشتی ترشە و فروکتانی تێدایە کە جۆرێکە لە کاربۆهیدرات کە دەبێتە هۆی غازات، ئاوسان و ناڕەحەتی سک بەتایبەت کاتێک بە گەدەی بەتاڵ دەخورێتەوە.

٤. ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، سەرەڕای کەمی کالۆرییەکەی شەربەتی چەوەندەر بەهۆی شەکرە سروشتییەکانیەوە ڕێژەی گلایسیمیکی بەرزی هەیە، خواردنەوەی بە گەدەی بەتاڵ لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی شەکر.