وەرزی نوێی تاڵانی پارە دەستپێدەکات

AM:09:38:14/07/2021

31152 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای نێتفلێکس بڵاویکردەوەتەوە کە وەرزی پێنجەمی زنجیرە درامای تاڵانی پارە لە سێی ئەیلولی ئەمساڵ پەخشدەکرێت.

کۆمپانیای نێتفلێکس بڵاویکردەوەتەوە، وەرزی پێنجەمی زنجیرە درامای تاڵانی پارە (لاکاسا دی پاپێڵ) بە دوو بەش بڵاودەکرێتەوە، بەشی یەکەمی کە چەند زنجیرەیەک لەخۆ دەگرێت و لە رۆژی سێی ئەیلول دەست بە پەخشکردنی دەکرێت و بەشی دووەمی کە بەهەمانشێوە چەند ئەڵقەیەکە لە سێی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاودەکرێتەوە.

جێی باسە درامای تاڵانی پارە درامایەکی ئیسپانییە و تا ئێستا چوار وەرزی لێ پەخشکراوە و وابڕیارە سەرەتای مانگی نۆ وەرزی پێنجەمی دراماکە پەخش بکرێت، دراماکە بینەرێکی زۆری هەیە لە سەرتاسەری جیهان و کەناڵی ئێن ئاڕتی٢ بە دۆبلاژی کوردی بڵاویدەکاتەوە.

چیرۆکی دراماکە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە پیاوێکی ئاڵۆز ناسراوە بە پرۆفیسۆر دەست دەکات بە خۆ ئامادەکردن بۆ گەورەترین تاڵانی و دزی کە ئەنجامدرابێت، ئەەو تاڵانییەش دەگەڕێتەوە بۆ خەونێکی باوکی کە نەیتوانیبوو بەجێی بهێنێت بەهۆی ئەوەی لە کردەیەکی دزیدا گیانی لەدەست دابوو، هەر بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک کەس کۆدەکاتەوە کە بەشێکی زۆریان پێشینەی تاوانکارییان هەیە و پاشان ڕاهێنان و مەشقیان پێ دەکات و لەبارەی وردەکارییەکانەوە پێیان دەڵێت، بە جۆرێک بەرنامە بۆ دارێژراوانە کار دەکات کە تەنانەت ئەو کەسانەی کاری لەگەڵ دەکەن ناوی یەکتری نازانن و لە جێگەی ئەوە ناوی شارەکان بەکار دەهێنن بۆ بانگکردنی یەکتری.

لاکاسا دی پاپێل ناسراو بە تاڵانی پارە و بە ئیسپانیLa casa de papel) ) زنجیرەیەکی تاڵانکاریی ئیسپانیەو سیناریۆکەی کاری ئالێکس پینا یە و کاری دەرهێنانی لەلایەن جیزەز کۆڵمێنەرەوە بۆ ئەنجامدراوە یەکەم نمایشی لە ٢ی ئایاری ساڵی ٢٠١٧ دا بوو و نمایشی بەشی چوارەمیشی لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٠بوو، زنجیرەیەکە بووە یەکەم بۆ زورترین بینراو لە لیستی زنجیرەبینییەکانی نێتفلیکس کە زیاتر لە ٦٥ ملیۆن بینەری هەبوو لە ساڵی ٢٠١٨ دا و توانی خەڵاتی ئێمی بەدەست بهێنێت.