پسپۆڕێکی خۆراک ئاماژەی بە بەکارھێنانی مایکرۆ کردووە، کە تایبەت بە گەرمکردنەوەی خواردن و رایگەیاندووە، ھیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە بیسەلمێنێت ئەو ئامێرە مەترسی تەندروستیی ھەیە.
لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک سەبارەت بە مایکرۆ و مەترسییەکانی ئاشکرایکردووە، دوای جەنگی جیھانی دووەم زانایەکی ناوداری ئەمریکی ئامێری (مایکرۆ)ی تایبەت بە گەرمکردنەوەی خۆراکی دروست کرد، لەو کاتەدا چەندین ھەواڵی نادروست لە لایەن ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکرایەوە، گوایە ئەو ئامێرە مەترسی ھەیە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ.
ئەوەی خستووەتە ڕوو، بە پێی چەند توێژینەوەیەک لە ماوەی پێنج ساڵ دا ئەنجام دراوە ئاماژە بەوە دەکەن ھیچ بەڵگەیەکی زانستیی نییە کە بیسەلمێنیت ئامێری گەرمکردنەوەی خۆراک (مایکرۆ) زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ ھەبێت.
لەشکر حەمید ڕایگەیاندووە، ئامێری مایکرۆ بە تیشکێکی (کارۆموگناتیسی) کاردەکات لەگەڵ بەکارھێنانی ئامێرەکەدا تیشکەکە پێچەوانە دەبێتەوە، دەبێتە ھۆی گەرمکردنەوەی خۆراکەکە، ئەمەش نابێتە ھۆی زیانگەیاندن بە تەندروستی و لە بەھا خۆراکییەکانی خۆراکەکەش کەم ناکاتەوە، تەنیا لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئامێرەکە کۆن بووبێت یان دەرگاکەی بە باشی دانەخرێت یان دەفری پلاستیک بەکاربێت زیانی بۆ سەر تەندروستیی دەبێت.
رونیشیکردووەتەوە، بۆ ھەموو بابەتێکی تەندروستیی پێویستە پشت بە ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی ببەستین، بە پێی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوەکە تا ئێستا نەسەلمێنراوە (مایکرۆ)ی گەرمکردنی خۆراک زیانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ ھەبێت.
ئ.ل