مەرزییە فەریقی لە دوا دیداریدا: هەر دێمەوە، هەر دێمەوە بۆ کوردستان چونکە خۆشمدەوێن

PM:06:04:18/09/2022

8488 جار خوێندراوەتەوە

لە دوادیداریدا ماوەیەك بەر لە کۆچی دوایی خانمە هونەرمەند مەرزییە فەریقی لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لە دۆخی ژیانی کردووە و سەرەتای دەستپێکی کاری هونەریی کردووە، خۆشەویستی خۆی بۆ کوردستان و هونەری کوردی و گۆرانی وتن دەربڕیوە.

لەو چاوپێکەوتنەدا کە چەناڵی یوتیوبی "روون و تاری" لە ساڵیادی مردی مەرزییە فەریقیدا بڵاویکردووەتەوە، خانمە هونەرمەند مەرزییە باس لە ژیانی رۆژانەی دەکات کە وەك کرێکارێك کاردەکات و رۆژانە دەچێتە سەر کارەکەی، دوای هاتنەوەیو وەك هەر خانمێكی کورد چێشت لێدەنێت و خزمەتی ماڵ و منداڵی دەکات، دەڵێت "ئەوەی دەیکەم قورسە و لە هەمووشی قورستر ئەوەیە کە ژنی ناسر رەزازیم".

هەروەها لەبارەی دەستپێکردنی بە کاری کوردایەتی لە شاری مەریوان و سنە وتی، "خەباتی من بەرامبەر بە رژێمی شا لیباسە کوردییەکانم بوو، ئەمەش وایکردبوو زۆر دیاربم لە شاری سنە، هەروەها چەند بەرنامەیەکی هونەریشم هەبوو لەگەڵ هەندێك وێستگەدا، ئەمە بەردەوام بوو و حەزمدەکرد بەردەوام بم بەڵام کۆمەڵگا رێگربوون، لەوێوە ناسڕم بینی و وتم بەڵکو ئەو بتوانێت یارمەتیم بدات لە وتنی گۆرانیدا چونکە زۆرم حەز لێبوو، بەڵام دواتر من و ناسڕ لە شوێنێکی دیکە یەکمان گرتەوە و هاوسەرگیرییمان کرد".

ئاماژەی بەوەشداوە، لەو کاتەدا بنەماڵەکەی پشتگیرییان نەدەکرد بۆ ئەوەی گۆرانی بڵێت، بەو هیوایە بووە کە دوای هاوسەرگیریی لەگەڵ ناسر بتوانێت دەست بە گۆرانی وتن بکات و دوای ئەو حەزەی بکەوێت، بەڵام دواتر ناسریش رای لەسەر ئەوە نەبوو و پێی باشتر بووە کە نەبێتە گۆرانیبێژ، دواتر شۆڕشی ئێرانی بەسەردا هاتووە و هاتوونەتە دەرەوە و بوون بە پێشمەرگە.

هەر لەم دیدارەدا مەرزییە فەریقی چەند گۆرانییەك دەڵێت، و خۆشەویستیی خۆی بۆ کوردستان دەردەبڕێت و دەڵێت، هەر دەگەڕێمەوە بۆ کوردستان چونکە خۆشمدەوێن.

مەرزیە فەریقی لە ٢٢ی ئایاری ١٩٥٨ لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاتووەتە دنیا و هەر لە منداڵییەوە خولیاییەکی زۆری بۆ هونەر هەبووە، لە چەندین بۆنە و ئاهەنگدا گۆرانی وتووە، مەرزیە لەساڵی ١٩٧٨دا هاوسەرگیری لەگەڵ هونەرمەند ناسڕی ڕەزازیدا کردووە.

مەرزییە خاوەنی چەندین گۆرانییە و هۆنراوەی بەشێک لە گۆرانییەکانیشی هی شاعیرە دیارەکانی وەک شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵا پەشێوو، هێمن، ئەحمەد هەردی و ناسر ئاغابرا و کاکەی فەلاح بوون.

یەکێک لە گرنگترین ئەلبوومەکانی مەرزییە کە دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا بەناوی "بەڵێن بدە"، کۆتا بەرهەمی مەرزییەش لە ساڵی ٢٠٠٣ دا بڵاوبووەوە بەناوی "هەموو شەو".

ژنە ھۆنەرمەندی کورد مەرزیە جیا لەکاری ھونەری وەکو ژنێک لە کۆڕ و کۆبونەوەکانی ژنان لە دەرەوەی وڵات لەبەرامبەر مەسەلەی مافی ژن چالاکانە بەشداری هەبووە.

لە رۆژی ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٥ لە شاری ستۆکهۆڵم لە سوید کۆچی دوایی کرد، لەسەر داواکاریی خۆی تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ کوردستان و لە سلێمانی لە گردی سەیوان بە خاك سپێردرا.