چۆن خواردن بدرێتە منداڵ لە تەمەنی شەش مانگییەوە؟

PM:12:33:26/08/2022

5384 جار خوێندراوەتەوە

هەموو دایک و باوکێك کاتێك منداڵەکەیان بەرەو گەورەبوون دەچێت ئارەزوو دەکەن بەزوویی خواردنی پێبدەن و بێ بەشی نەکەن لەو شتانەی خۆیان دەیخۆن، بەڵام ئەم هەنگاوە دەبێت بە وریاییەوە بێت و نابێت پەلەی تێدا بکرێت.

بەگوێرەی بابەتێکی ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، د.پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵ باسی خواردنی منداڵ دەكات لەتەمەنی 6 بۆ 12 مانگ و چەند زانیارییەكی لەو بارەیەوە خستەڕوو:

-خواردنی منداڵ دەبێت بەبڕێكی كەم دەست پێبكرێت و ووردە ووردە بڕەكەی زیاد بكرێت.

-نابێت لەیەككاتدا بەچەند جۆرە خواردنێك دەست پێ بكرێت، سەرەتا بەیەك خواردن دەست پێدەكرێت بۆ ٧-٤ رۆژ و ئەگەر منداڵەكە خواردنەكەی پێكەوت و هەستیاری پێنەبوو ئەوا جۆرێكی تری خۆراكی بۆ زیاد دەكرێت بۆ ٧-٤رۆژی دیكە.

-پێویستە خواردنەكان فرێش و تازە بن و ئەگەر هەستكرا منداڵەكە خواردنێك لەسەرەتادا ڕەتدەكاتەوە ئەوا دەبێت زیادكردنی ئەو جۆرە خواردنە دوابخرێت.

-ئەگەر هەستكرا منداڵ هەستیارە بەخواردنێك دەبێت پێی نەدرێت و نیشانەكانی هەستیاری بریتیە لەهێڵنج و ڕشانەوەی تووشبوو یان سكچوونی تووشبوو یان پێستی منداڵەكە سووردەبێتەوە.

-پێویستە خواردنەكە بكرێت بەشێوەی شۆربا و بەكەوچكی بچووك بدرێتە منداڵ و نابێت تاتەمەنی ساڵێك خوێ بكرێتە خواردنی منداڵەوە.

-ئاساییە شیرخواردنی منداڵ تۆزە تۆزە كەمبكرێتەوە چونكە لەبری ئەو بڕەشیرە خواردن دەخوات.

-میوە بكرێت بەشەربەت تائەو تەمەنی منداڵ دەتوانێت قەپ لەمیوە بگرێت و بیجوێت و قووتی بدات.

-سەوزە و بابەتەكانی دەبێت جوان بكوڵێنرێت و پاشان بهاڕێت و بدرێتە منداڵ و دەبێت بەدانیشتنەوە خواردن بدرێت بەمنداڵ.

-تاوەكو تەمەنی ٨ مانگی رۆژانە یەك ژەم خواردن لەگەڵ یەك ژەم شەربەتی میوە بدرێت بەمنداڵ و لەتەمەنی 8 بۆ 10 مانگی بكرێتە دووە ژەم خواردن و یەك ژەم میوە.

-لەتەمەنی شەش مانگیدا پێویستە بەشۆربای برنجی هاڕاو دەست پێبكرێت و دەتوانرێت سریلاكی برنج بەكاربهێنرێت.

-لەتەمەتی ٧ مانگیدا مریشك زیاددەكرێت بۆ شۆرباكە بەمەرجێك بكرێت بەپارچەی زۆر بچووك.

-لەتەمەنی ٨ مانگیدا گۆشتی سوور زیاددەكرێت بۆ شۆربای منداڵ بەمەرجێك بكرێتە پارچەی بچووك و دەتوانرێت زەردێنەی هێلكەشی پێبدرێت و بەهیچ شێوەیەك نابێت سپێنەی هێلكە تاوەكو تەمەنی یەك ساڵی بدرێتە منداڵ.

- لەدوای تەمەنی ١٠ مانگیەوە دەتوانرێت خواردنی ئاسایی زیاد بكرێت بۆ منداڵ پاش دڵنیابوون لەنەبوونی هەستیاری پێی.