هونەرمەند هۆمایۆن شەجەرەیان
دوو گۆرانی فۆلکلۆری کوردی وتووتەوە کە بریتین لە "مینا گیان" و
"شیرینە سەوزە" و پێشەکەشی کردووە بە گوێگرەکانی بەتایبەت ئەوانەی
کوردن.
لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی
وتنەوەی ئەم دوو گۆرانییە فۆلکلۆرە کوردییە هومایۆن لە هەژماری فەرمی خۆی لە
ئینستاگرام نوسیویەتی، "سڵاو لە ئێوەی میهرەبانی بەڕێز ، وتنەوەی دوو گۆرانی "مینا
گیان" و "شیرینە سەوزە" بە کوردی وەسفێکی هەیە کە لەم وتارەدا بە
کورتی ناودێری دەکەم، ساڵی ٢٠٠٨ تەشریفم برد لە ژێر سێبەری باوکم و لەگەڵ گروپی ئاڤا
بۆ کۆنسێرتێک گەشتم بۆ شاری سلێمانی عێراق کرد، لەوێدا گەرموگوڕي میواندۆستی و میهرەبانی
و هونەردۆست خەڵکی ئەوێ لە کاتی سەفەرەکەدا بۆ ئێمە وەک گەرمای ژیانبەخشی خۆر بۆ
ژیان وابوو، هیچ شتێکیش نەبوو بیکەین جگە لەوەی سوپاسگوزار بین و پێزانینمان
هەبێت.
لەو کاتەوە هاوڕێیەتی
و خۆشەویستی لە نێوانماندا دروست بوو، کە تا ئەمڕۆ لەگەڵماندایە.
یادەوەرییە خۆشەکانی ئەو
گەشتە هەرگیز لە مێشكم دەرناچن، ئەمەش وایلێکردم لە ساڵی ٢٠١٢دا جارێکی دیکە گەشت
بکەمەوە بۆ ئەم شارە و بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەیەك لەگەڵ ئۆرکیسترایەکی پێکهاتوو لە
هونەرمەندان و موزیکژەنانی سلێمانی.
دوای ئەمەش هاوڕێ ئازیزەکانم
بیرۆکەی نمایشکردنی دوو گۆرانی موزیکی کوردییان بۆ پێشنیار کردم کە بەخۆشحاڵییەوە
قبوڵم کر، لەو کاتەدا ئاشناییەکی زۆر کەمم هەبوو بە وشەگەلی ئەم زمانە جوان و دێرینە،
دەترسام لەوەی لە وتنی وشەکاندا هەڵە بکەم یان واتاکانیان بگۆڕم، دەترسام لە گۆڕینی میزاجەکان، سوور بووم لەسەر وتنی
ئەم دوو گۆرانییە بە شیعری فارسی وەک گۆرانی " رو سر بنه به بالین " کە لە لایەن باوکمەوە وترابوو، بۆئەوەی بتوانم
بەشێوەیەکی راست بیڵێم، بەڵام هاوڕێکانم وتیان کە بە نسبەت ئەوانەوە وتنی گۆرانییەك
بە زمانی کوردی چێژێکی خۆی هەیە، بۆی لە کۆتاییدا بریارمدا کە ئەم کارە بە زمانی
کوردی پێشکەش بکەم، لە رێگەی تێگەیشتن لە واتای شیعرەکە لە مێشکمدا و بە هیوام کە
بەدڵی گوێگرام بێت.
ئەم دوو کارە لە ناخی
دڵمەوە پێشکەش بە هەمووان دەکەم، گوێگرە ئازیزەکان بەتایبەت ئەوانەی بە کوردی قسە
دەکەن لە ئێران و هەموو جیهاندا، هیوادارم کە بتوانم لەم جۆرە کارە زیاتر بڵاو
بکەمەوە.
خۆشەویستی بۆ مۆسیقا،
خۆشەویستی بۆ ئێران، بە هەموو شار و زمان و زاراوەکانییەوە".
هۆمایۆن شەجەریان ساڵی
١٩٧٥ لە تارانی پایتەختی ئێران لە خێزانێكی وابەستە و ئاوێتەبە موزیك وگۆرانیی و
داهێنەر لەو بوارەدا لەدایكبووە، كوڕی موحومەد رەزا شەجەریان ئوستادی گەورەی گۆرانیی
رەسەنی فارسییە، لە ٢٨ـەمین ساڵرۆژی لە دایك بوونیدا ، هۆمایۆن یەكەم ئەلبومی سەربەخۆی
بڵاوكردەوە، ئەو ئەلبومە كە ناوی نەسیمی وەسڵە لە ئاوازی موحەممەد جەواد زەرابییانە
و لە سەروەختی بڵاوبوونەوەیدا بووە یەكێك لە پڕ فرۆشترین ئەلبومەكان ئەوەش وەك
ئاماژەیەك بۆ ئاستی ئەو سەدا و دەنگدانەوە و پێشوازییە فراوانەی لە نێو هونەر دۆستاندا
لەو ئەلبومە كرا، ئەم هونەرمەندە خاوەنی چەندین گۆرانییە و بینەر و گوێگرێکی زۆری
هەیە لەچوار پارچەی کوردستاندا.