ئایا لیزەری بەکینی زیانی تەندروستیی هەیە؟

PM:07:58:02/08/2022

30084 جار خوێندراوەتەوە

زۆر کەس بۆ نەمانی مووە زیادەکانی شوێنە جیاوازەکانی جەستەیان لیزەر بەکاردەهێنن، چ لە ماڵەوە بێت یان لە سەنتەرە پزیشکییەکان، یەکیک لەو شوێنانەی جەستە بەکینییە کە ناوچەیەکی هەستیارە و مووەکانی زۆرن، بەڵام ئایا زیانی تەندروستیی دەبێت ئەگەر بە لیزەر مووەکانی لاببرێت؟

ماڵپەڕی مەوقعی مەغریبی لە بابەتێکی تەندروستییدا کۆمەڵێک زانیاریی لە بارەی لیزەری بەکینی بەمجۆرە خستووەتە ڕوو:

کۆمەڵێک زانیاریی گشتی لە سەر لیزەری بەکینی:

یەکەم: ماوەی لیزەرەکە پێنج بۆ ١٠ خولەک دەخایەنێت لە ژن و پیاودا کاتەکەی جیاوازە، چونکە دەکەوێتە سەر گەورە و بچوکی ئەو بەشەی جەستە.

دووەم: بۆ ئەوەی بەتەواوی مووەکانی ئەو بەشەی جەستە نەمێنن پێویستی بە ١٠ جەلسە دەبێت، نێوانی هەر یەکێکیان چوار بۆ شەش هەفتە دەخایەنێت، لە نێوان جەلسەکانیشدا مووەکان لادەبرێن نەک هەڵبکەنرێن.

سێیەم: نابێتە هۆی تێکچوونی رەنگی ئەو بەشەی جەستە، بەڵکو زۆرکات لیزەرەکە رەنگی پێستەکە کاڵ دەکات، چونکە جۆری لیزەرەکان بەپێی جۆری رەنگی پێست جیاوازن، لە پێس یان دوای لیزەرەکە پێویست بە کرێمی سپیکردنەوەی پێست نییە.

چوارەم: دوای لیزەری بەکینی نابێت تا ٤٨ کاتژمێر مەلە بکەیت تاکو هەوکردنی پێست دروست نەبێت، چونکە هەندێک کات لە دوای لیزەر سوربوونەوەی پێست دروست دەبێت، لە هەمان کات نابێت تاکو دوو هەفتە تیشکی خۆری بەربکەوێت.

زیانە لاوەکییەکانی لیزەری بەکینی:

یەکەم: هەوکردن و سوربوونەوەی پێستی بەکینی، بە بەکارهێنانی سەهۆڵ و دانانی لە شوێنەکەی ئاوسان و سوربوونەوەکەی نامێنێت، ئەگەر لەدوای چەند کاتژمێرێک باش نەبوو سەردانی پزیشک بکە.

دووەم: کەسانی پێست سپی هەندێک رەنگی پێستی بەکینیان لە دوای لیزەرکردن دەگۆرێت، ئەویش کاتییە و دوای ماوەیەکی کەم نامێنێت.

سێیەم: هەندێک جار بەهۆی لیزەرەکەوە زیپکەی ورد دروست دەبن، لەو حاڵەتەدا دەرمانی دژە زیندەگی تایبەت بە بەکینی بەکاربهێنن.

ئایا لە ماوەی دووگیانیدا دەبێت لیزەری بەکینی بکرێت؟

بەگوێرەی ماڵپەرەکە نابێت لەو ماوەیەدا لیزەر بکرێت، جونکە هیچ توێژینەوەیەکی زانستی لەبارەیەوە نەکراوە تاکو کاریگەریی لیزەرەکە لەسەر تەندروستی دایک و کۆرپەکەی ئاشکرا بکرێت، هەر بۆیە ئەگەر ژنێکی دووگیانی دەتەوێت لیزەری بەکینی بکەیت، ئەوا بەردەوام مەبە لەو کارەوە تاکو دوای دووگیانییەکە چاوەڕێ بکە، تەنانەت بەپێی پزیشکان دەبێت چەند هەفتەیەک لە لەدایکبوونی منداڵەکە ئەوکات لیزرە بکرێت.

وەڵامی چوار پرسیاری گرنگ لە بارەی لیزەری بەکینی:

ئایا لابردنی موو بە لیزەرە بەکارە و مووەکە نایەتەوە؟

بەڵێ مووەکان لادەبات، بەڵام بەتەواوی مووەکان لاببات راست نییە، لە جەلسەی یەکەمدا هەست دەکەیت مووەکان بەشێکی زۆریان نەماون لە راستیدا دوای ماوەیەکی کەم دێنەوە، بەڵام بە تەنکی و بێهێزی واتە وەک پێش لیزەرەکە نابێت.

ئایا لابردنی موو بە لیزەر ئازاری هەیە؟

بەڵێ بۆ ماوەیەکی کەم ئازاری دەبێت و زۆرکات سوربوونەوە و ئاوسانی دەبێت.

ئایا لابردنی موو بە لیزەر دەبێتە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە؟

لیزەرەکە تەنیا چینی سەرەوەی پێست دەگرێت و نابێتەهۆی توشبوون بەو جۆرە نەخۆشییە.

ئایا لابردنی موو بە لیزەر هۆکارە بۆ نەزۆکی یان وەچەخستنەوە؟

بەپێی ماڵپەرەکە هیچ کاریگەرییەکی نییە و نابێتە هۆی نەزۆکی، چونکە بەس چینی سەرەوەی پێست لیزەرەکەی بەردەکەوێت، بڕی تیشکەکە کەمە و کاریگەریی لەسەر چینەکانی تری پێست و ئەندامەکانی جەستە نابێت، بەڵام لە کاتئی دووگیانی دەبێت سەردانی پزیشک بکرێت پێش لیزەرکردن.

ئ.ل