قژ هەڵوەرین؛ هۆکار و چارەسەرەکانی چین؟

AM:11:03:04/06/2022

27736 جار خوێندراوەتەوە

پزیشک گەشین کەمال پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری باسی قژ هەڵوەڕین دەکات و کۆمەڵیک هۆکار و چارەسەری تایبەت بەوەی ئاشکراکردووە.

قژ هەڵوەرین یەکێکە لە گرفتە گەورانەی کە ژنان و پیاوان پێوەی دەناڵێنن و کاریگەری دەروونیشی هەیە لەسەرییان و هەموو رێگەیەک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی هەڵوەرینەکە رابگرن.

بە شێوەیەکی سروشتی رۆژانە ٥٠-١٠٠ تاڵی قژ هەڵبوەرێت ئاساییە و گەر لە ١٠٠ تاڵ زیاتر وەری ئەو کاتە کێشەیەک بوونی هەیە.

هۆکارەکانی هەڵوەرینی قژ

کۆمەڵێک هۆکار هەیە بۆ هەڵوەرینی قژ، بەڵام گرنگترین و کاریگەرترینییان ئەمانەن:

دڵەڕاوکێ و هیلاکی زۆر:

وەک ئەنجامدانی نەشتەرگەری و دابەزاندنی کێشێکی زۆر و منداڵبوون و خەفەتی زۆر.

توشبوون بە نەخۆشی:

وەک تای بەرز و یان توشبوون بە ڤایرۆس و فایرۆسی کۆرۆنا و بەدخۆراکی و نەخۆشییەکانی پێستی سەر

بەکارهێنانی هەندێک دەرمان:

وەک دەرمانەکانی شێرپەنجە و دەرمانی هەوکردنی جومگەکان و راگرتنی لەناکاوی حەبی رێگری لە منداڵبوون.

بە هەڵە مامەڵەکرد لەگەڵ قژدا:

وەک بەستنی قژ بە توندی و بە شێوەیەکی بەردەوام.

شێوازەکانی راگرتنی هەڵوەرینی قژ:

سەرەتا دەبێت و گرنگە سەردانی پزیشکی پێست بکەیت و پشکنینی بۆ بکات و دەستنیشانی هۆکارەکان بکات ئەوکاتە چارەسەر وەربگریت کە گرنگترینییان ئەمانەن:

- شێلانی پێستی سەر کە وا دەکات خوێن بە خێرایی جوڵە بکات و چالاک ببێتەوە.

- بەکارهێنانی رۆن و تەڕکەری چارەسەر بە تایبەت ئەوانەی پزیشکی پسپۆڕی پێست دەستنیشانی دەکات بە پێی شێوازی پێست و قژەکە و هۆکارەکانی بەکاردەهێنرێت

- خواردنی بەسوود کە هاوکارن بۆ بەهێزبوونەوەی پێست و قژ وەک سەوزە و میوە و خواردنەوەی ئاو.

- وەرگرتنی ڤیتامینەکان ئەویش دەبێت پزیشک دوای ئەنجامدانی پشکنین دەستنیشانی بکات.

- دوورکەوتنەوە لە گەرما و تووندبەستنی قژ.

- بەکارهێنانی پلازما بۆ بەهێزکرنەوەی پێست و خانەکانی قژ .

ر.ئ