بۆ دەبێت بەیانیان زوو لە خەو هەستیت؟

AM:08:31:17/04/2022

4092 جار خوێندراوەتەوە

ئەو کەسانەی بەیانیان زوو هەڵدەستن ئەم خووە بە نهێنیی سەرکەوتنەکەیان دەزانن، جگە لەوە هەر لە کۆنەوە بەیانی زوو هەستان جەخت کراوەتەوە و زۆر شتی لەسەر وتراوە.

ماڵپەڕی "ئیچ نایت" لە بابەتێکدا بەشێک لە سوودە تەندرستییەکانی ئەم خووەی ئاشکراکردووە، کە ئەمانەن:

کاتێکی زیاترت هەیە:

کاتێک بەیانی زوو هەڵدەستیت کاتێکی زیاترت هەیە بۆ ئەنجامدانی ئیش و کارەکانت، ئەو کەسانەی درەنگ هەڵدەستن هەمیشە بەپەلەن و بە سترێسەوە کارەکانیان رادەپەڕێنن، بەیانی زوو هەستان ئەو هەلەت بۆ دەڕەخسێنێت بەیانیان پیاسەیەکیش بکەیت.

خواردنی نانی بەیانی:

لەسەر خواردنی ئەم ژەمە خۆراک زۆر بابەت و وتاری زانستی نووسراوە و لە کۆنیشەوە باسی گرنگیی خواردنی نانی بەیانی کراوە، بەیانی زوو هەستان ئەو دەرفەتەت پێ ئەدات کە بە ئارامی ئەم ژەمە خۆراکە بخۆیت و لە سوودەکانی بێبەش نەبیت.

سیستمی خەوەکەت باشتر دەکات:

ئەوە قسەیەکی بێ‌بنەمایە کە ئەگەر لەکاتی ماندووبووندا زیاتر بخەویت زیاتر پشوو دەدەیت، خەوتنی لەڕادەبەدەر ماندوویەتی و نائارامی لێدەکەوێتەوە، دواتر ئەو کەسانەی لە کاتێکی دیاریکراودا دەخەون و هەڵددەستن کەمتر تووشی کێشەی جەستەیی و دەروونی دەبن.

هاوسەنگیی کێشی جەستە:

یەکێک لە زیانەکانی شەو نەخەوتن زیادبوونی کێشی جەستە و قەڵەوییە، بەم جۆرە ئەو کەسانەی زوو هەڵدەستن دیارە شەوانە زووتر دەخەون و رووبەڕووی ئەم کێشەیە نابنەوە.

باری دەروونی باشتر:

ئەوانەی رۆژانە زوو هەڵدەستن لەخەو بیرکردنەوەی ئەرێنییان زۆرترە بەبەراورد بەوانەی درەنگ دەخەون، گەشبینتر و قایلترن بەرامبەر ژیان، کەمترین کات تووشی نەخۆشییە دەروونییەکان دەبنەوە.