تووشبووانی ڕۆماتیزم و نەخۆشییەکانی ئێسک و جومگە دەتوانن بەڕۆژوو بن؟

PM:05:03:26/03/2022

5388 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆماتیزم و نەخۆشییەکانی ئێسک و جومگە، بریتین لە سەدان نەخۆشی، پاش خوێندنەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لەو توێژینەوە زانستییانەی لە ڕەمەزاندا لەسەر تووشبووانی ئەم نەخۆشییانە ئەنجامدراون، بەگوێرەی پەیوەندییان بە ڕۆژووەوە نەخۆشەکان پۆلێن بکرێت بۆ چەند جۆرێک.

پزیشکی پسپۆڕ ی جومگە و ڕۆماتیزم د. سەروەر سالار چوچانی باسی ئەو نەخۆشییانە دەکات و پۆلێنی کردوون بۆ ئەمانە:

١. نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ماندووبون و زەبر و داخوران:

ئەمانە زیاتر گرفتی شوێنێکی دیاری کراوی جەستەن، واتە سنووردارن بەو شوێنەی زۆرترین زەبر و ماندووبوون و لێکەوتەکانی ژیانی ڕۆژانەی بەرکەوتووە، نەک ئەوەی ڕۆماتیزمەی گشتی و درێژخایەن بن، لە نموونەی ئەمانە سووان (سەوەفان)ی جومگە، ئینزیلاقی دیسک و بڕبڕەی پشت و مل، گرفتی پچڕان و زەبر بەرکەوتنی ژێ و بەستەر و ماسولکە و هاوشێوەکانیان، ئەم گرووپە ئەگەر هەر ئەمە کێشەکەیان بێت، بێ گرفت دەتوانن بەڕۆژوو بن، واتە بەڕۆژووبوونە بێ مەرج.

٢. ڕۆماتیزمە درێژخایەنەکان:

وەکوو ڕۆماتیزمەی جومگە (ئاڕ ئەی)، گورگەسوورە (لوپەس)، ڕۆماتیزمەی حەوز و فەقەرات (ئەی ئێس) و هاوپۆلەکانیان، ئەمانە ئەگەر نەخۆشییەکەیان لە ماوەی چەند مانگی پێشوودا (باشترە شەش مانگ)کۆنترۆڵ بووبێت و سستیی گورچیلەیان نەبێت، دەتوانن بەڕۆژوو بن و لەسەر دەرمانەکانیان بەردەوام بن،واتە ئەمەیان بەڕۆژوبوونە بە مەرج.

٣. دەردەپاشا (دائولمولوک) و هاوپۆلەکانی: ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی کلسی یورەیت و کلسەکانی دیکە دروستدەبن، مشتومڕ هەیە لەبارەیان، بە گشتی دەتوانن بەڕۆژووببن، بەمەرجێک نەخۆشییەکەیان لە چەند مانگی پێشوودا کۆنترۆڵ بووبێت و لە ڕۆژانی نزیک ڕەمەزان نۆرەی هەوکردنی توندی جومگەیان نەبووبێت و گورچیلەیان سست نەبێت،شەوانە ئاو و شلەمەنی و سەوزە و ڕیشاڵی خۆراکی بە بڕی باش لە بەربانگ و شەوان و پارشێواندا وەربگرن و نەهێڵن تووشی وشکبوونەوەی زۆر ببن، کەمتریش گۆشت و شیرینی دەستکرد بخۆن، واتە ئەمانەش بەڕۆژووبوونە بە مەرجی زیاتر.

٤. ئەوانەی ڕۆماتیزمیان هەیە و گورچیلەیان سستە: ئەمانە دەبێت جگە لە پزیشکی ڕۆماتیزم، ڕاوێژ بە پزیشکی نەخۆشییەکانی گورچیلە (نیفرۆلۆجیست) بکەن، چونکە بەپێی قۆناغی سستییەکە و جۆرەکەی دەگۆڕێت، واتە نابێت بێ ڕێگەپێدانی پزیشکی نیفرۆلۆجیست بەڕۆژوو بن.

هەندێک ڕێنمایی گشتی بۆ ڕۆژووی تووشبووانی ڕۆماتیزم:

١. مەهێڵن وشک ببنەوە:

نەخۆشانی ڕۆماتیزم بڕی زۆری دەرمانیان هەیە و زۆریان دەبێ بەردەوام لەسەر دەرمان بن، ئەوەش لۆدێکی زۆر لەسەر گورچیلە دروستدەکات. بۆیە دەبێ زیاتر لە خەڵکی ئاسایی سووربن لەسەر دوورکەوتنەوە لە وشکبوونەوە، ئەویش بە زۆر خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییە بێ کالۆرییەکانی دیکە، سەوزەکانی وەک خەیار و بیبەر و ئەوانی دی، خواردەمەنییە ئاودارەکانی وەکوو شوتی.

٢. ژەمی ستیرۆیدەکان (پریدنیزۆڵۆن، کۆرتیزۆن و هاوپۆلەکانیان) بخەنە پارشێو، دەرمانەکانی دیکە بخەنە دوای بەربانگ.

٣. هەموویان پابەند بن بە خواردنی تەندروستانە، دووربن لە خواردنی پڕ کالۆری وەکوو شیرینییە دەستکردەکان، تووشبووانی دائولمولوک نابێت هاوشێوەی کەسانی ئاسایی گۆشتخواردن و شیرینی خواردن بکەنە نەریتی ڕۆژانە، بەڵکو دەبێت زیاتر بەرهەمی ڕووەکی و شیرەمەنی بخۆن

٤. خەوی باش و دەروونی ئارام گرنگن، زۆر بە تایبەت بۆ ئەوانەی فایبرۆمایەڵجیایان هەیە لەگەڵ ڕۆماتیزمەکەیان، یان فایبرۆمایەڵجیای سەربەخۆیان هەیە.

٥. پزیشکەکەی خۆت ئاگاداریی زیاتری هەیە لەبارەی وردەکاریی حاڵەتەکەی تۆ، بەڵام ئەم ڕێنماییانەی من گشتین، ئەگەر ئەو ڕێنماییەکی کردیت جیاواز بوو لەم ڕێنماییانە، بۆچوونەکەی بە گرنگییەوە وەربگرە و کەمتەرخەم مەبە لە جێبەجێکردنی هۆشدارییەکانی ئەو.