دوا ڕۆژەکانی بابلۆ ڕاگیرا

PM:10:19:22/03/2022

9160 جار خوێندراوەتەوە

شانۆیی دوارۆژەکانی بابلۆ کە لە رۆژی ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ەوە دەستی بە نمایشکردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ وەستێنرا و کۆتایی بە نمایشەکە هێنرا، لە کاتێکدا دەبوو تا ماوەیەکی درێژتر بەردەوامبێت لە پەخشکردن.

لە لاپەڕەی تایبەتی دوارۆژەکانی بابلۆ ستافی سۆ مارکێتینگ بەرهەمهێنەری نمایشی شانۆییەکە لە راگەیەندراوێکدا روونکردنەوەیان لەبارەی هۆکاری وەستاندنەکەوە داوە، دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرە هاتووە:

" کێ بەرپرسیارە؟

دوا ڕۆژەکانی بابلۆ چۆن و بۆچی ڕاگیرا؟

''سۆران گیان، خۆت ئامادە بکە؛ لەم شارە تووشی سوپرایز دەبیت.'' – شوان کەریم

دوای نزیکەی ساڵێک پلاندان بۆ ئەم پڕۆژە شانۆییە، لە بەرواری ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ستافەکەمان چوونە هۆڵی پڕۆڤەوە، پلانەکە وا بوو کە ١ی شوباتی ٢٠٢٢ دەست بە نمایشەکەمان بکەین، هەر بۆیە بە نووسراوی فەرمی، هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانیمان بۆ ماوەی 25 ڕۆژ (١ی شوباتی ٢٠٢٢ بۆ ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٢) وەرگرت، بەڵام بە هۆی کۆمەڵێک گرفتەوە، ناچار بووین لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ دەست بە نمایشەکەمان بکەین و بۆ ئەمەش بە زارەکی و هاوڕێیانە لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی سلێمانی ڕێک کەوتین.

بەدەمەوەهاتنی بینەر و ئامادەییە گەرموگوڕەکەیان، پڕبوونی هۆڵەکە و دانیشتنی خەڵک لەسەر پلیکانەکان، دەنگدانەوە و کاریگەریی نمایشەکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی، لە چاوەڕوانیی کەسماندا نەبوو، هەر بۆیە دیسانەوە و بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، لەگەڵ بەرپرسانی ڕۆشنبیریی سلێمانی ڕێک کەوتینەوە کە ''تا بینەر بەو جۆرە ئامادەیی هەبێت، لە نمایش بەردەوام بین''.

هەر بەو گەرموگوڕییەی ستافەکەمان و بینەرانەوە بەردەوام بووین، تا بەڕێزان لە ڕۆشنبیریی سلێمانی پێیان گوتین ''بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شانۆوە، دەبێت نمایشەکەتان بوەستێنن، چونکە نمایشێکی تر هەیە''. بۆ ئێمە جێی سەرسووڕمان بوو، بەڵام بە هەمان شێوازی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە، ویستمان چارەی بکەین و لە نمایش بەردەوام بین، بەس ئەوان هەر سوور بوون لەسەر ئەوەی ٢٢ی ئازاری ٢٠٢٢ دواین ڕۆژی نمایشمان بێت، لە بەرامبەردا ''لەبەر ئەوەی ڕۆژی جیهانیی شانۆیە، ناکرێت لەم ڕۆژەدا نمایشێکی شانۆیی بوەستێنرێت''، ئێمە دەمانویست بە هەر یەکێک لەم ڕێگەیانە، هەردوو نمایشەکە بکرێن:

١. هەبوونی هەردوو نمایشەکە (هەم ئەوەی ئێمە و هەم ئەوەی تر) لە هەمان هۆڵ، کە وا دەکات ڕۆژی جیهانیی شانۆی ئەمساڵ جیاواز و شایستە بێت و شایەن بە یادەکە بێت.

٢. گرتنی هۆڵێکی تر لەو 7 هۆڵەی دیکەی لە سلێمانیدا هەن و گرتنەئەستۆی تەواوی خەرجییەکانی هۆڵەکە، دیکۆر، گازی موەلیدە، کرێی هاتوچۆ و نانخواردن، پاداشتی ئەکتەرەکان و پێدانی 4,000,000 دینار بە ستافەکەیان لەپای ئەو یارمەتییەی لە بەردەوامیی نمایشەکەماندا دەماندەن.

ئەم ڕێگەچارانەش لە پێناو ئەوەدا بوون خۆمان لە سەختی و گرانیی هەڵوەشاندنەوەی دیکۆرەکەمان و دانەبڕانی بینەر بپارێزین، هەروەها پێکەوە شتێک بۆ ئەم شار و پایتەختی ڕۆشنبیرییە بکەین کە لە مێژوودا بمێنێتەوە.

بە داخەوە، ئەوەی هەرگیز چاوەڕێ ناکرێت ڕوو بدات، ڕووی دا: بەهەموو جۆرێک ڕەتیان کردەوە و دوایین ئاگادارییان پێ داین، کە ''ئەگەر نمایشەکە نەوەستێنن، دیکۆرەکەتان دەڕووخێنین''.

بۆ ئێمە ئاسان نەبوو یەکسەر بچینە ژێر باری بڕیارەکەوە، بۆیە لە چەندین لایەنی جیاوازەوە و وەک هەمیشە، هەوڵمان دا بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن گرفتەکە چارە بکەین، هەر بۆیە قسەمان لەگەڵ هەر یەکێک لەم بەڕێزانە کرد:

١. بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی و ڕاوێژکارەکانی.

٢. بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری، حەمەی حەمەسەعید و نووسینگەکەی.

٣. بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی سلێمانی، موحسین ئەدیب.

٤. بەڕێز بەڕێوەبەری بەشی هونەری شانۆی ڕۆشنبیریی سلێمانی، تاهیر عەبدولڵا.

٥. بەڕێز ئاسۆ نووری سەلیم، شانۆکار و دەرهێنەری نمایشەکەی دیکە.

لە ناو بەڵێن و ڕۆتینەکانی هەموویاندا، تووشی سەرلێشێوان بووین و تا ئێستاش نەمانزانی کامیان بڕیاربەدەست و خاوەن قسەی یەکلاکەرەوەن، هەر یەکێکیان بە جۆرێک و تۆنێکی قسەکردن لەگەڵماندا دەدوا و تا ئەم چرکەیەشی لەسەر بێت، کەسیان نەیانتوانی ٪١٠٠ خۆیان بکەن بە خاوەنی گرفتەکە و لە ناو ئەو دوو ڕێگەچارە سەرەکی و هەموو چارەسەرەکانی تریشدا، بە دانوستانی هەردوو لامان دانەیەک هەڵبژێرن و خزمەت بە هەردوو لا و ڕۆشنبیری و شانۆی شارەکە بگەیەنن.

لەژێر فشاری بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی سلێمانیدا، دەبوو ئەمڕۆ (١٩ی ئازاری ٢٠١١) نمایش نەکەین و دیکۆرەکەمان لا ببەین، ''ئەگەر نا بە لەقە لا دەبرێت''، بەڵام لەژێر فشاری خەڵک و ئەو ٦٠٠ کەسەی بلیتیان بڕیبوو و دەیانویست لە ٢٥ـەم ڕۆژی نمایشەکەماندا بینەر بن، ناچار بوون ڕێگەمان بدەن نمایش بکەین، ''بەو مەرجەی ڕاستەوخۆ دوای نمایش دیکۆرەکەمان لا ببەین''.

لە ناو ئەو پاشاگەردانی و سەرلێشێوانە ئیدارییەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و شاری سلێمانیدا، ئەوا ئێمە بڕیارە سەختەکەمان دا: لەژێر فشار و هەڕەشەدا نمایش دەوەستێنین.

یەکەم جار بوو. هەموو شتەکان یەکەم جار بوو:

- یەکەم جار بوو کەرتی تایبەت نمایشی شانۆیی بەرهەم بهێنێت و پارەش بداتە حکومەت.

- یەکەم جار بوو ستافێکی ٣٠ کەسی، لە منداڵ و گەنج و پیر، لە پڕۆژەیەکی شانۆییدا بن.

- یەکەم جار بوو بە ٢٥ ڕۆژ، نمایشێکی شانۆیی ١٤ هەزار بینەری هەبێت و هەموو ڕۆژێک خەڵک ئامادەیی تێدا بێت لەسەر پلیکانە تەماشای بکات.

- یەکەم جار بوو هەموان: خەڵک، ڕۆشنبیر، هونەرمەند، منداڵ، گەنج و پیر؛ سەرەڕای جیاوازییەکانیان، بە یەک دەنگ بە خەڵک بڵێن ''بچن ئەو نمایشە شانۆییە ببینن''.

- یەکەم جار بوو بتوانین بۆ زیاتر لە ٣٠ ڕۆژ نمایشێکی شانۆیی بەردەوامی پێ بدەین.

یەکەم جار بوو و نەتانهێشت. دەمانویست زۆر بەربەستی هونەری و جەماوەری بشکێنین و ببینە نموونەیەکی مێژوویی بۆ ئەم شار و وڵاتە و... نەتانهێشت. ئەوانەی نەیانهێشت و بە پلەی باڵا لەم کەیسە بەرپرسیارن:

- بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران.

- بەڕێز حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری.

بەرپرسەکانی ئەم شارە، ئەوانەی ناویان نا ''پایتەختی ڕۆشنبیری''، سوپرایزەکەیان بۆ کردین و تووشی شۆکیان کردین، هەر بۆیە داوای لێبوردن لە هەموو ئەو بینەرانە دەکەین کە دەیانویست بێنە نمایشەکەمان و نەیانتوانی، شەرمەزاری ئەکتەران و تەواوی ستافی نمایشەکەمانین کە دەبوو کۆتایی هەوڵ و ماندووبوونیان بە سرووتێکی تایبەت و دڵێکی خۆشەوە بێت، بەڵام نەیانهێشت.

ئێمە ناوەستین، هونەر فێری کردین مەنگ نەبین، لە شوێنی تر و بە شێوازی تر، بە هەمان گڕوتینەوە بەردەوام دەبین و لە بەرامبەر ئەوانەی ویستیانە بینێژن، پێکەوە ''دوا ڕۆژەکانی بابلۆ'' دەکەینە مێژووی ئەم شارە."

 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەماوەی پەخشکردنی شانۆگەرییەکەدا بینەرێکی زۆری هەبووە و تەواوی رۆژەکانی نمایشەکە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی زۆرترین بینەر و ئامادەبووی تێدا بووە و خەڵك بەجۆشبوون بۆ بینینی شانۆگەرییەکە.