دوو هاوڕێی منداڵی دوای ٤٠ ساڵ بۆیان دەردەکەوێت کە خوشکن

PM:02:09:25/08/2026

3276 جار خوێندراوەتەوە

لە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشدا، پشکنینی دی ئێن ئەی ژیانی دوو خوشکی هیندیی گۆڕی، پاش ساڵانێکی زۆر لە جیا بوونەوە و ژیان لە دووری یەکتری. دوو ژن کە لە دوو خێزانی جیاوازدا گەورە بووبوون، بۆیان دەرکەوت کە خوشکی ڕاستەقینەی یەكترن.

ئەم دوو ژنە لە هیندستان لەدایکبوون و لە ساواییدا لە دوو بنکەی جیاوازی چاودێریدا جێهێڵدران، پێش ئەوەی لەلایەن دوو خێزانی هۆڵەندییەوە هەڵبگیرێنەوە. هەریەکەیان لە ماڵێکی جیاوازدا گەورە بوو، بێ ئەوەی ئاگاداری بوونی ئەوی تر بێت یان بزانێت پەیوەندییەکی خێزانی لەنێوانیاندا هەیە. سەرەڕای جیاوازی ژینگەی گەورەبوونیان، لە قۆناغی هەرزەکاریدا و بە ڕێکەوت لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە منداڵانی هەڵگیراوە لە هۆڵەندا، یەکتریان بینی.

کاتێک لە ساڵی ١٩٩٦ بۆ یەکەمجار بەیەک گەیشتن، لێکچوونی نێوانیان سەرنجی دەوروبەریانی ڕاکێشا و هەستیان بە نزیکبوونی خێرا و نائاسایی کرد. زۆر بە خێرایی هاوڕێیەتی لەنێوانیاندا دروست بوو، زانیاریی پەیوەندیکردنیان ئاڵوگۆڕ کرد و بۆ ماوەیەک بەردەوام بوون لە قسەکردن.

ئەوەی جێی سەرنج بوو، هەردووکیان بە گاڵتەوە یەکتریان بە خوشک بانگ دەکرد، بێ ئەوەی بزانن کە ئەم قسەیە ڕاستییەکی خێزانیی لەپشتە. بەڵام دواتر ژیان لێکی جیا کردنەوە و پەیوەندییەکەیان بۆ ماوەی نزیکەی ١٥ ساڵ پچڕا.

دوای ساڵانێک، یەکێکیان بڕیاریدا پشکنینی DNA بکات بە مەبەستی زانینی زانیاری زیاتر دەربارەی ڕەچەڵەکی خێزانیی خۆی. ئەنجامەکە باوەڕپێنەکراو بوو، ئەو ژنەی لە گەنجیدا وەک هاوڕێیەکی نزیک دەیناسی، لە ڕاستیدا خوشکە ڕاستەقینەکەی بوو. بەم پشکنینە، هەردووکیان وەڵامی پرسیارێکیان دەستکەوت کە لە منداڵییەوە پەیوەست بوو بە ناسنامەیانەوە.

دۆزینەوەی ئەم پەیوەندییە خێزانییە ساتێکی زۆر کاریگەر بوو بۆیان، بەتایبەت دوای ئەوەی تێگەیشتن کە ڕێکەوت ساڵانێک پێش زانینی ڕاستییەکە کۆیبڕدبوونەوە. چیرۆکەکە نیشانی دەدات چۆن ژیان دەتوانێت کەسەکان لە کاتێکدا بخاتە بەردەم یەکتری کە زۆر ئاسایی دەربکەوێت، تا دواتر هۆکاری ڕاستەقینەی پشت ئەو دیدارە ئاشکرا بێت.

خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەم چیرۆکە ئەوەیە کە دوو خوشکەکە کاتێک بۆ یەکەمجار بەیەک گەیشتن بەدوای یەکتردا نەدەگەڕان، بەڵام ژیان بە ڕێکەوت کۆیکردنەوە، تا پشکنینێکی زانستی دوای ساڵانێکی زۆر دووپاتی بکاتەوە کە ئەو دیدارە لەنێوان دوو کەسی نائاشنادا نەبووە، بەڵکو لەنێوان دوو خوشکدا بووە کە هەڵگرتنەوە لێکی جیاکردبوونەوە و ڕێکەوت جارێکی تر کۆیکردنەوە.