ڕاستییە زانستییەکانی پشت تێکەڵکردنی شیر و چا چین؟

AM:08:57:25/08/2026

1936 جار خوێندراوەتەوە

چا دوای ئاو بە دووەم زۆرترین خواردنەوەی بەکارهاتوو لە جیهاندا هەژمار دەکرێت. زۆر کەس شیر تێکەڵی دەکەن بۆ کەمکردنەوەی تامە بەهێزەکەی، بەڵام بەپێی توێژینەوەکان، ئەم زیادکردنە ڕەنگە کاریگەری لەسەر بڕی ئەو دژەئۆکسێنەرانە هەبێت کە جەستە دەستیکەوێت.

بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی "eremnews"، چا، بەتایبەتی چای سەوز و ڕەش، ئاوێتەی پۆلیفینۆلی تێدایە کە تایبەتمەندی دژەئۆکسێنەریان هەیە و یارمەتی پاراستنی خانەکان دەدەن لەو زیانانەی بەهۆی ڕادیکاڵە ئازادەکانەوە دروست دەبن.

توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە زیادکردنی شیر بۆ چا ڕەنگە ئاستی دژەئۆکسێنەرەکان بە ڕێژەی ١١% تا ٧٥% کەم بکاتەوە. ئەگەری زۆرە هۆکارەکەشی بگەڕێتەوە بۆ بەستنەوەی پڕۆتینی ناو شیر بە پۆلیفینۆلەکانەوە، کە ئەوەش چالاکییەکانیان کەم دەکاتەوە و کاریگەری لەسەر هەڵمژینیان دادەنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، شیر بە تەواوی دژەئۆکسێنەرەکانی ناو چا هەڵنانەوه‌شێنێتەوە، چونکە بەشێکیان لە خواردنەوەکەدا دوای زیادکردنی شیرەکەش دەمێننەوە. توێژینەوەیەک کە لەسەر پێنج جۆری چای ڕەش کراوە، نیشانی داوە کە زیادکردنی شیر بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی دژەئۆکسێنەرەکان.

کاریگەری دژەئۆکسێنەرەکان تەنیا بە زیادکردنی شیرەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو ڕێگەی ئامادەکردنی چاکەش ڕۆڵ دەگێڕێت، مانەوەی چا بۆ ماوەیەکی درێژتر لە ئاوی گەرمدا دەبێتە هۆی زیاتربوونی خەستیی ئەم ئاوێتانە. هەروەها بڕی دژەئۆکسێنەرەکان بەپێی جۆری چاکەش دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە چای سەوزدا زیاترە بەبەراورد بە چای ڕەش.