هاووڵاتییەکی بەریتانی بە ناوی
"ئیسێل کاتێرهام"، کە بە فەرمی وەک بەتەمەنترین کەسی زیندووی جیهان
تۆمارکراوە، ئاهەنگی جەژنی لەدایکبوونی ١١٧ ساڵیی خۆی گێڕا.
بەپێی پەڕتووکی ڕیکۆردەکانی
"گینیس"، ئیسێل یەکەم کەسە لە مێژووی شانشینی یەکگرتوودا بگاتە ئەم
تەمەنە درێژە. ناوبراو لە ماڵێکی چاودێریکردنی بەساڵاچووان لە پارێزگای
"سارای"، لە دووریی نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر لە لەندەنی پایتەختەوە دەژی.
لە لێدوانێکدا خۆشحاڵیی خۆی بە
بەسەربردنی ئەم ڕۆژە لەگەڵ خێزانەکەی و هاوڕێکانیدا دەربڕی و هیواخواز بوو ببینێت
ساڵی داهاتوو چی پێ دێنێت.
کاتێرهام لە ٢١ی ئابی ١٩٠٩ لە
شارۆچکەی "شیپتۆن بێلینجەر" لە پارێزگای هامپشێر لە باشووری ئینگلتەرا
لەدایکبووە، دووەم بچووکترین منداڵی نێوان هەشت خوشک و براکەی بووە، و لە ئێستاشدا
بە کۆتا کەسی زیندوو دادەنرێت کە لە سەردەمی پاشا ئیدواردی حەوتەمدا لەدایکبووبێت.
لە ماوەی ١١٧ ساڵی تەمەنیدا، هاوشانی
ڕووداوە مێژووییە گەورەکان ژیاوە؛ لەوانە هەردوو جەنگی جیهانی، ژێرئاوکەوتنی
کەشتیی تایتانیک و شۆڕشی ڕووسیا. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠دا و لە تەمەنی ١١٠ ساڵیدا
توانینی بەسەر پەتای کۆڤید-١٩دا سەربکەوێت و ببێتە یەکێک لە بەتەمەنترین
ڕزگاربووانی ئەو ڤایرۆسە لە مێژوودا.
لە دیارترین ئەو وەستگانەی لە
ژیانیدا شانازییان پێوە دەکات، گەشتکردنیەتی بە تەنیا بۆ هیندستان لە تەمەنی ۱٨ ساڵیدا بۆ کارکردن وەک بەخێوکەری
منداڵ. دواتریش لە ساڵی ١٩٣١دا "نۆرمان کاتێرهام"ی ڕائیدی سوپای
بەریتانیای ناسیوە و لە ساڵی ١٩٣٣ هاوسەرگیرییان کردووە.