هەندێک کەس بە هەڵە پێیان وایە تەنیا
مرۆڤ دووچاری نەخۆشییەکان دەبێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئاژەڵ و خشۆکەکانیش وەک مار
دووچاری دەبنەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سکای نیوز
عەرەبی، مارێک لە باخچەیەکی ئاژەڵانی بەریتانیادا بە تەواوی لە شێرپەنجە
چاکبووەتەوە، دوای ئەوەی بووە یەکەم مار کە چارەسەرێکی داهێنراو وەربگرێت؛ کە
پێکهاتووە لە تێکەڵەیەک لە نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی کارەبایی.
باخچەکە کە دەکەوێتە باکووری
ڕۆژئاوای ئینگلەتەڕا ڕایگەیاند، ماری باسیۆنی تۆڕی(Reticulated python) کە
درێژییەکەی ٤.٥ مەترە و ناوی ئەکتەری هۆڵیوود "جودی فۆستەر"ی لێنراوە،
سەرەتا خرایە ژێر نەشتەرگەرییەوە و پاشان چارەسەری وەرگرتووە دوای گەڕانەوەی
وەرەمێکی شێرپەنجەیی لە ئێسکەکانی شەویلکەیدا.
پشکنینە پزیشکییەکان بوونی وەرەمێکی
مەترسیداریان لە شەویلکەی مارەکەدا پشتڕاستکردەوە، کە پێشتر بە نەشتەرگەری
لابرابوو بەڵام دواتر دووبارە سەریهەڵدایەوە. ئەمەش پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی تر
کرد کە تێیدا چارەسەری کیمیایی کارەباییش بەکارهێنرا بۆ ئامانجگرتنی هەر شانەیەکی
شێرپەنجەیی کە مابێتەوە.
ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئاماژە بەوە
دەکەن کە ئاژەڵی تر پێشتر ئەم چارەسەرەیان وەرگرتووە، لەوانە کیسەڵ و مارمێلکە. تیمی
پزیشکی ئاژەڵان لە چێستەر هاوکارییان لەگەڵ پسپۆڕانی چارەسەری شێرپەنجە لە زانکۆی
لیڤەرپوول کرد بۆ گونجاندنی ئەم چارەسەرە بۆ مارەکە کە تەمەنی ٢٣ ساڵە.
ئیان ئاشبۆڵ، پزیشکی ئاژەڵان لە
باخچەی ئاژەڵانی چێستەر گوتی: "ڕووبەڕووی ئەگەری لەدەستدانی بووینەوە، چونکە
وەرەمەکە خواردنی بۆ زیاتر و زیاتر قورس دەکرد."
ئاشبۆڵ زیاتری گووت: "بۆیە
لەگەڵ پسپۆڕانی چارەسەری شێرپەنجە کارمان کرد بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەتوانین
چارەسەری کیمیایی کارەبایی بگونجێنین تا لەگەڵ مارێکدا بگوونجێت. بەپێی
زانیارییەکانمان، ئەمە یەکەمجارە ئەم چارەسەرە لەسەر مار بەکاربهێنرێت."