پسپۆران بەم شێوەیە چارەسەری چەوری
جگەر دەکەن.
توێژینەوەیەک لە گۆڤاری "Nutrients" بڵاوکراوەتەوە، کە سوودە ئەگەرییەکانی
خواردنی تەماتەی بە شێوەیەکی ڕۆژانە بۆ باشترکردنی تەندروستیی جگەر ئاشکرا کردووە.
توێژەران تێبینییان کردووە کە
زیادکردنی تەماتە بۆ سیستەمی خۆراکی بووەتە هۆی کەمکردنەوەی چەوریی جگەر بە
شێوەیەکی بەرچاو لەو نەخۆشانەی کە بەدەست نەخۆشیی چەوری جگەر بە تێکچوونی
زیندەچالاکییەکانەوە (MASLD) دەناڵێنن.
توێژینەوە هەڕەمەکییەکە ٧٩
بەشداربووی لەخۆگرتووە کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٦٥ ساڵیدا بووە. گرووپی یەکەم
ڕۆژانە ٢٠٠ گرام تەماتەی تازە و ٥٠ گرام دۆشاوی تەماتەیان بۆ ماوەی شەش هەفتە
خواردووە. لە بەرامبەردا، گرووپی دووەم سیستەمێکی خۆراکی بێ تەماتەیان پەیڕەو کردوە
لەگەڵ ڕێنماییەکی یەکگرتوودا.
ئەنجامەکان دەریانوخستووە کە هەردوو
گرووپەکە دابەزینیان لە پێوەری چەوریی جگەردا بەخۆوە بینیوە، بەڵام دابەزینەکە لەو
گرووپەدا ڕوونتر بووە کە تەماتەیان خواردبوو.
جێگەی سەرنجە کە ئەم باشبوونە بەبێ
گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە کێش یان پێوەری بارستەی جەستەدا (BMI)
ڕوویداوە، ئەمەش ئەگەری کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی پێکهاتەکانی تەماتە دەخاتە ڕوو.
توێژەران پێیان وایە کە ئەم
کاریگەرییە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە لایکۆپین لە تەماتەدا، کە دژە
ئۆکسێنەرێکی بەهێزە و بەرەنگاری فشاری ئۆکسێنەر دەبێتەوە کە پەیوەندی بە تێکچوونی
خانەکانەوە هەیە، ئەمە جگە لە بوونی ئاوێتەی ڕووەکیی دیکە کە بە یەکەوە کاردەکەن.
سەرەڕای ئەنجامە ئومێدبەخشەکان،
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە توێژینەوەکە مەودایەکی سنوورداری هەیە و ماوەکەی
کورتە، ئەمەش وایکردووە قورس بێت تەماتە وەک چارەسەرێکی بەهێز سەیر بکرێت یان
ئەنجامەکان بەسەر هەموو نەخۆشەکاندا گشتگیر بکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، سیستەمی خۆراکیی
هاوسەنگ، بەتایبەتی شێوازی دەریای ناوەڕاست کە سەوزە و ماسی و زەیتی زەیتوون
لەخۆدەگرێت، سەرەڕای پاراستنی کێشێکی تەندروست و ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی، وەک
بنەمایەک دەمێنێتەوە بۆ خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی چەوری جگەر.