هەر لە کۆنەوە خواردنە توونەکان بە
کێشەکانی گەدەوە بەستراونەتەوە، بەڵام زانیارییە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە
بیبەری توون هۆکارێکی ڕاستەوخۆ نییە بۆ دروستبوونی برین لە کەسانی تەندروستدا.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ماڵپەڕی "Only My Health"ەوە بڵاوکراوەتەوە، دیارترین
هۆکارەکانی برینی گەدە بریتین لە تووشبوون بە بەکتریا ، لەگەڵ بەکارهێنانی
درێژخایەنی هەندێک دەرمانی ئازارشکێن و دژەهەوکردن.
بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە کە
خواردنە توونەکان بۆ هەموو کەسێک گونجاون. ئەو کەسانەی بەدەست هەوکردنی گەدە،
ترشەڵۆک یان برینی گەدەوە دەناڵێنن، ڕەنگە تێبینی خراپتربوونی نیشانەکانیان بکەن
دوای خواردنیان.
شایەنی باسە، لە حاڵەتی
بەردەوامبوونی نیشانەکان یان دووبارەبوونەوەیان، پێشنیار دەکرێت سەردانی پزیشک
بکەیت.
لە توێژینەوەیەکدا بەدواداچوون بۆ
نزیکەی نیو ملیۆن کەسی پێگەیشتوو کرا بۆ ماوەی حەوت ساڵ، و پەیوەندییەک دۆزرایەوە
لەنێوان خواردنی بەردەوامی خواردنە توونەکان و کەمبوونەوەی مەترسیی مردن.
بەپێی ئەنجامەکان، مەترسیی مردن بە
ڕێژەی نزیکەی ١٤٪ کەمبووەتەوە لەلایەن ئەو کەسانەی ٦ تا ٧ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا
خواردنی توونیان خواردووە. هەروەها خواردنیان پەیوەست کراوە بە کەمبوونەوەی
مەترسییەکانی مردن بەهۆی هەندێک نەخۆشییەوە، لەوانە شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و
کۆئەندامی هەناسەدان.
بەڵام ئەم ئەنجامانە بەو مانایە نین
کە خواردنە توونەکان بەرگیری لە نەخۆشی دەکەن یان تەمەن درێژ دەکەنەوە، بەڵکو
ئاماژە بە پەیوەندییەک دەکەن کە لە توێژینەوەکاندا بینراوە و پەیوەندییەکی هۆکاری
ڕاستەوخۆ ناسەلمێنن.