دوو ژنی چینیی
تەمەن ٣٧ ساڵ بە ناوی هوانگ شیاولین و لی هوی، دوای نزیکەی چوار دەیەی تەواو بۆیان
دەرکەوت کە لە کاتی لەدایکبوونیاندا لە نەخۆشخانەیەکدا ئاڵوگۆڕیان پێکراوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی"NDTV'، سەرباری ئەو هەڵەیەی نەخۆشخانەکە لە ساڵی ١٩٨٩دا،
هەردوو ژنەکە لە دووریی تەنها ٤ کیلومەتر لە یەکترییەوە گەورە بوون.
کێشەکە لە
ئۆکتۆبەری ١٩٨٩ لە نەخۆشخانەی گەلی چینگیوان لە گوانگدۆنگ دروستبوو، کاتێک سیستەمی
بەستنی قۆڵبەندی ناو نەبوو و تەنها کارت لەناو جلەکانیاندا دادەنرا.
هوانگ کە لە
خێزانێکی دەوڵەمەندی کارمەندی حکومی گەورە بوو، بەهۆی جیاوازیی جۆری خوێنی لە
باوکی، بووە هۆی گومان و جیا بوونەوەی دایک و باوکی، کە دواتر لە ساڵی ٢٠٢٢دا
ڕاستییەکەی بە پشکنینی DNA بۆ دەرکەوت.
لە لایەکی
ترەوە، (لی) لە خێزانێکی کەم داهات و پڕ لە قەیرانی دارایی گەورە بوو و ناچار بوو
قوتابخانە جێبهێڵێت و کار بکات، کە بەهۆی ماندووبوونی زۆرەوە تووشی نەخۆشیی خوێن و
نەشتەرگەریی ڕژێنی دەرەقی بوو.
دوای
دەستنیشانکردنی زانیارییەکان بە یارمەتیی پۆلیس، هەردوو ژنەکە بۆ یەکەمجار لە
کافێیەک کۆبوونەوە، ئەگەرچی لی شۆک بوو بەوەی لە دووریی تەنها ٤ کیلومەتر لە دایک
و باوکی ڕاستەقینەی خۆی ژیاوە، بەڵام هەردووکیان بڕیاریاندا لەگەڵ ئەو خێزانانەدا
بژین کە پەروەردەیان کردوون.
کاتێک داوای
تۆمارەکانی کۆنی نەخۆشخانەکەیان کرد، پێیان ڕاگەیەندرا کە دۆسیەکان نەدۆزراونەتەوە
و بەشێک لە کارمەندانی ئەو کاتەش خانەنشین بوون یان کۆچی دواییان کردووە.