بەهۆی خواردنی کەبابێکەوە گیانی لەدەستدا

AM:11:05:11/08/2026

9932 جار خوێندراوەتەوە

نەخۆشێک دوای سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکەی، بەهۆی خواردنی ژەمێک کەبابەوە گیانی لەدەستدا.

ئیدارەی نەخۆشخانەیەک لە پارێزگای سەلاحەدین لە عێراق، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا وردەکاریی کۆچی دوایی نەخۆشێکی تەمەن ٤٤ ساڵانی ئاشکرا کرد، کە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوو، بەهۆی خواردنی ژەمە کەبابێکەوە بارودۆخی تەندروستی تێکچووە.

ئیدارەی نەخۆشخانەکە ڕایگەیاند "نەخۆشەکە بەدەست بارودۆخێکی تەندروستییەوە دەیناڵاند کە پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلەی نەشتەرگەری بوو. دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییە پێویستەکان، نەشتەرگەرییەکەی بە سەرکەوتوویی بۆ ئەنجامدرا و بە هۆشیاریی تەواوەوە ڕەوانەی بەشی نەشتەرگەری کرا بۆ وەرگرتنی چاودێریی پزیشکی."

ئاماژە بەوەش کراوە: "پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری دەرمان و دژەبەکتریای پێویستی بۆ نەخۆشەکە نووسیبوو، لەگەڵ پێدانی ڕێنمایی توند بە کەسوکارەکەی کە پێویستە خۆراکی تەنها لەسەر شلەمەنی و ژەمە سووک و سادەکان ببێت لە دوای نەشتەرگەرییەکە. بەڵام کەسوکارەکەی ژەمە کەبابێکیان بۆ هێناوە و بڕێکی زۆری لێ خواردووە، ئەمەش دواتر بووەتە هۆی دروستبوونی ئازارێکی لەناکاوی توند لە سکیدا، کە ڕشانەوە و تێکچوونی خێرای نیشانە مەترسیدارەکانی بەدواداهاتووە."

نەخۆشخانەکە ڕوونیشی کردەوە: "سەرەڕای دەستوەردانی بەپەلەی پزیشکی سەرپەرشتیار، پزیشکی نەشتەرگەری و پزیشکی سڕکردن، بەڵام هەوڵەکان بۆ بووژاندنەوەی نەخۆشەکە سەرکەوتوو نەبوون و گیانلەدەستدانی ڕاگەیەندرا."

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دراوە: "دەستنیشانکردنی سەرەتایی ئاماژە بە گومانکردن لە تووشبوونی کۆچکردوو دەکات بە جەڵتەی دڵ، و تەرمەکەی ڕەوانەی بەشی پزیشکی دادوەری لە پارێزگای کەرکووک کراوە بۆ دیاریکردنی هۆکاری فەرمی و کۆتایی گیانلەدەستدانی. سەرجەم ڕێکارە پزیشکییە گیراوەبەرەکان لە کاتی هاتنی بۆ نەخۆشخانە تا کاتی گیانلەدەستدانی بە تەواوی دروست و یاسایی بوون، و ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەکرێنەوە کە باس لە پێدانی دەرمانی هەڵە دەکەن."