کۆمپانیایەک جلوبەرگێک دروست دەکات کە مانگێک پێویستی بە شۆردن نییە

AM:10:17:06/08/2026

788 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیایەک جۆرە جلوبەرگێک دەفرۆشێت کە تاوەکو مانگێک لە بەکارهێنان پێویستیان بە شۆردن نییە.

کۆمپانیایەکی ئەمریکی سەرنجی بەرفراوانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا کاتێک پەردەی لەسەر پێنجەمین وەشانی کراسێکی بە ناوی (HercShirt V5.0) لادا، کە بانگەشەی ئەوە دەکات دەتوانێت بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک بە تەواوی دوور لە بۆن بێت، تەنانەت لەگەڵ بەکارهێنانی ڕۆژانەشدا و بەبێ پێویستبوون بە شۆردن.

بەپێی ماڵپەڕی"Oddity Central" ، کۆمپانیاکە چەند ساڵێک پێش ئێستا بە دروستکردنی جلوبەرگی ژێرەوەی خۆپاککەرەوە ناوبانگی دەرکردبوو، پێش ئەوەی ئێستا نوێترین وەشانی قەمیسەکەی ڕابگەیەنێت کە بە شێوازێک دیزاین کراوە بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ بە پارێزراوی و بە بۆنخۆشی بمێنێتەوە.

جەختی لەوە کردەوە کە قەمیسی (HercShirt V5.0) بە جۆرێک دروست کراوە کە بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک بێ شۆردن بە بۆنخۆشی بمێنێتەوە، کە ئەمەش ڕەنگە نائاسایی دیار بێت، بەتایبەت لە وەرزەی هاویندا لەگەڵ زیادبوونی ئارەقکردنەوەدا، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو تەکنەلۆژیایەی بەکارهاتووە ئەم ئەنجامە بەدەستدەهێنێت.

بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، کۆمپانیاکە حەوت پێکهاتەی تایبەتی لە ناو قوماشی قەمیسەکەدا تێکەڵ کردووە، ئەوانەش بریتیین لە: مس، زیو، زینک، زێڕ، خۆڵەمێشی گڕکانی، لەگەڵ دوو پێکهاتەی نهێنی، نەک تەنها ئەوەی لەسەر ڕووی قوماشەکە دانرابن.

بەپێی وتەی کۆمپانیاکە، مس کار لەسەر کەمکردنەوەی گەشەکردنی بەکتریای بەرپرس لە بۆنە نەخوازراوەکان دەکات، لە کاتێکدا زینک یارمەتی هاوسەنگکردنەوەی ماددە کیمیاییەکانی گۆگرد دەدات کە لە ئارەقکردنەوەوە دروست دەبن، هاوکات خۆڵەمێشی گڕکانی شێ و بۆنە دەرەکییەکان هەڵدەمژێت، بەهۆی پێکهاتە کونیلەدارەکەیەوە.

نرخی قەمیسەکە ٧٩ دۆلارە، کۆمپانیاکە پێیوایە کە ڕەنگە تەمەنی بەکارهێنانی زیاتر لە ٧ قەمیسی ئاسایی پڕبکاتەوە، کە ئەمەش دەکاتە وەبەرهێنانێکی شایستە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا دەست بە ناردنی قەمیسەکە بکرێت، لە سەرەتادا تەنها بە ڕەنگی ڕەش بەردەست دەبێت، لە کاتێکدا کۆمپانیاکە پلانی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ بەرهەمهێنانی وەشانی تری بە ڕەنگەکانی شینی تۆخ و سەوزی تۆخ.