سێ دیاردەی گەردوونی لەیەک شەودا ڕوودەدەن

PM:01:15:04/08/2026

3592 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژی ۱٢ی ئابی ٢٠٢٦ ئاسمانی زەوی شایەتی ڕوودانی سێ دیاردەی گەردوونیی ناوازە دەبێت لە یەک کاتدا.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی"alsumaria"، ئەم ڕوداوانە پێکهاتوون لە خۆرگیرانی تەواوەتی، بارینی شەهابەکان (البرشاويات)، و ڕیزبوونی هەسارەکان.

ڕوونکردنەوەی زانستیی ئەم دیاردانە و ئەو شوێنانەی لێیانەوە دەبینرێن بەم شێوەیەیە:

دیاردەکان و شوێنی بینینیان: ١. خۆرگیرانی تەواوەتی: مانگ بە تەواوی ئاستی خۆر دەشارێتەوە، هێڵی بینینی ئەم خۆرگیرانە تەواوەتییە لە ڕۆژئاوای ئایسلەندا، گرینلاند، باکووری ئیسپانیا، و بەشێک لە پورتوگال دەبێت. وڵاتانی ئیسپانیا و ئایسلەندا باشترین شوێن دەبن بۆ بینینی، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەداش بە شێوەی نیمچەیی دەبینرێت.

٢. بارینی شەهابەکان: لە شەوی ۱٢ی ئاب تا بەرەبەیانی ۱٣ی ئاب دەگاتە لوتکە و دەکرێت لە کاتژمێرێکدا تا ۱۰۰ شهاب ببێنرێت، بەهۆی نوێبوونەوەی مانگ و نەبوونی ڕووناکی لە ئاسماندا، دەرفەتی بینینیان زۆر گونجاو دەبێت.

٣. ڕیزبوونی هەسارەکان: هەسارەکانی موشتەری، عەتارد، مەریخ، زوحەل، ئۆرانس و نێپتۆن لە کەوانەیەکدا ڕیز دەبن. مەریخ و زوحەل بە چاوی ئاسایی دەبینرێن، بەڵام عەتارد و موشتەری پێویستیان بە سەرنجی زیاترە چونکە لە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتەوە نزم دەبن، و ئۆرانۆس و نێپتۆنیش پێویستیان بە دووربین و تەلەسکۆپ دەبێت.

ڕوونکردنەوەی زانستی: زانایانی گەردوونناسی دووپاتی دەکەنەوە کە ڕوودانی ئەم سێ دیاردەیە لە یەک ڕۆژدا تەنها ڕووداوێکی سروشتیی ئاساییە و لە ڕووی زانستییەوە پێشبینیکراوە.

سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە کە ئەم دیاردەیە بە کارەسات، نەبوونی کشتوکاڵ یان نیشانەی کۆتایی جیهان دەبەستنەوە، دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە.