ئەنجێلینا جۆلی نهێنییەکانی ژیانی دەکات بە فیلم

AM:09:10:25/06/2026

808 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجێلینا جۆلی، ئەکتەری براوەی خەڵاتی ئۆسکار، لە فیلمە فەرەنسییەکەدا بە ناوی "Couture"، ڕووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین ترسەکانی ژیانی بووەتەوە؛ ئەویش دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شێرپەنجەیە.

فیلمەکە لە ئەزموونە کەسییەکانی نووسەر و دەرهێنەر "ئالیس وینا کۆر" ئیلهامی وەرگرتووە. لەو فیلمەدا جۆلی ڕۆڵی کارەکتەرێکی خەیاڵی دەبینێت بە ناوی "ماکسین وۆکەر"، کە دەرهێنەرێکی فیلمی ئەمریکییە و لە کاتی کارکردنیدا بۆ نمایشێکی هەفتەی مۆدەی پاریس، تووشبوونی خۆی بە شێرپەنجەی مەمک بۆ دەردەکەوێت.

مارشلین بێرتڕاند، دایکی ئەنجێلینا جۆلی، لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا بەهۆی شێرپەنجەی مەمکەوە کۆچی دوایی کرد. جۆلی خۆیشی لە ساڵی ٢٠١٣دا نەشتەرگەری لابردنی مەمکی ئەنجامدا، دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت هەڵگری هەمان ئەو بۆماوەییەیە کە دایکی هەڵیگرتبوو.

جۆلی دەڵێت: "زۆر جار بیرم لە دایکم دەکردەوە، کە چۆن ئەم فیلمە ئیلهامبەخش دەبوو بۆ ئەو لەو کاتەی بەو ئەزموونەدا تێپەڕی." بەگوێرەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، بابەتەکە تەنها پەیوەست نەبوو بە دایکییەوە؛ جۆلی بەشداریی لە فیلمەکەدا کردووە بۆ گواستنەوەی ئەزموونی کەسیی وۆکەر بۆ جیهان.

جۆلی لەبارەی ئەو ئەزموونەوە دەڵێت: "لەو کورسییە دادەنیشیت، جا بابەتەکە شێرپەنجە بێت یان هەر شتێکی تر، پیاو بیت یان ژن.. هەموومان بەو ساتەدا تێپەڕیوین؛ ئەو ساتەی هەواڵێکمان پێ گەیشتووە کە ئاڕاستەی ژیانمانی گۆڕیوە."

جۆلی دیمەنێکی بەرجەستە کرد کە تێیدا پزیشکی شێرپەنجە هێڵەکانی نەشتەرگەری لەسەر سنگی دەکێشێت و دەڵێت: "هەستێکی نامۆ بوو کە هۆڵیوود لە ژووری نەخۆشخانەکەمدا ئامادە بێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد "ئەوە منم بە جلی نەخۆشخانەوە، دەرزی وەردەگرم و هەموو ئەو کارانە دەکەم کە بەزۆری دەیکەم، بەڵام ئێستا ئێمە بابەتەکە هاوبەشی پێ دەکەین. بۆیە هەستم بە لاوازییەکی زۆر کرد."

جگە لە جۆلی، کاستی فیلمەکە پێکهاتوون لە کارەکتەری "ئادا" کە "ئەنیێر ئەنی" ڕۆڵەکەی دەگێڕێت (نمایشکارێکی مۆدەیە)، هەروەها "ئەنجێل" کە هونەرمەندی مەکیاژە و "ئیلا ڕۆمف" ڕۆڵەکەی دەگێڕێت، کە هەوڵ دەدات لە دنیای مۆدە بێتە دەرەوە و ببێت بە نووسەر.

جۆلی هیوادارە چیرۆکی هەر کارەکتەرێک دڵی بینەران راکێشێت بەلای خۆیدا و دەڵێت "پێموایە ئەوەی لە کاتی کارکردندا دۆزیمانەوە، هیوادارین بینەر هەستی پێ بکات، ئەوەیە کە ئێمە بەیەکەوە بەستراوین. وەک مرۆڤ بەیەکەوە بەستراوین و هەموومان بە ئەزموونەکاندا تێپەڕ دەبین... پێویستە لە ڕێگەی مرۆڤایەتییەوە پاڵپشتی یەکتر بکەین."