نیکۆلاس کەیج: حەز ناکەم خۆم لە نێوان ڕۆڵی پاڵەوان و خراپەکاراندا سنووردار بکەم

AM:11:23:26/05/2026

600 جار خوێندراوەتەوە

ئەکتەری ئەمریکی نیکۆلاس کەیج، لە ماوەی کاروانی هونەری خۆیدا، سوورە لەسەر رۆڵبینینی لە نێوان ڕۆڵەکانی چاکە و خراپەدا، جەخت دەکاتەوە کە نایەوێت خۆی لە یەک قاڵبی کارەکتەرە سینەماییەکاندا قەتیس بکات.

لە کاتی نمایشی یەکەمی زنجیرەی "Spider-Noir" لە نیویۆرک، کەیجی تەمەن ٦٢ ساڵ ڕایگەیاند کە چێژ لە بەرجەستەکردنی کارەکتەرە خراپەکارەکان دەبینێت وەک چۆن حەزی بە ڕۆڵی پاڵەوانەکانیشە، پێی وایە هەردوو جۆرەکە توخمێکی سەرەکین لە جیهانی سینەمادا.

کەیج ئاشکرای کرد کە لە لەگەڵ دەرهێنەر سام ڕەیمی گفتوگۆی کردووە دەربارەی ئەگەری ڕۆڵبینینی کارەکتەری "گرین گۆبلین" لە زنجیرە فیلمی "Spider-Man"دا، بەڵام دواتر بڕیاریداوە بەشداری لە فیلمی "Adaptation"دا بکات لە ساڵی ٢٠٠٢، چونکە پێی وابووە ئەو فیلمە بۆ ئەو قۆناغەی ژیانی گونجاوترە.

لە کۆتاییدا، ڕۆڵی "گرین گۆبلین" بۆ ویڵەم دافۆ بوو، لە کاتێکدا تۆبی ماگوایەر کارەکتەری "Spider-Man"ی بەرجەستە کرد. دواتر کەیج لە ڕێگەی کارەکتەری "Ghost Rider" لە هەردوو فیلمی ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠١١دا، ئامادەییەکی دیاری لە جیهانی "مارڤڵ"دا تۆمار کرد.

ئێستا کەیج لە ڕێگەی زنجیرەی "Spider-Noir"ەوە دەگەڕێتەوە کە تێیدا ڕۆڵی "بێن ڕایڵی" دەگێڕێت؛ ئەو لێکۆڵەرە تایبەتەی کە خاوەنی توانای هاوشێوەی "Spider-Man"ە لە شاری نیویۆرک لە ماوەی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا.

ئەوەشی ڕوونکردەوە کە بۆ شێوازی ڕۆڵگێڕانەکەی لەم بەرهەمەدا، ئیلهامی لە ئەستێرەکانی سینەمای کلاسیک وەک جەیمس کاگنی، هەمفری بۆگارت و ئێدوارد جەی ڕۆبنسن وەرگرتووە.