لە جیهانی مۆدێرنی ئەمڕۆماندا، مێز و کورسی جێگەی سفرەی سەر زەوی گرتووەتەوە،
بەڵام توێژینەوە نوێیەکان و پزیشکانی بواری هەرس و جومگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەڕانەوە
بۆ سەر زەوی چەندین سوودی سەرسوڕهێنەری هەیە کە ڕەنگە بیری لێ نەکەینەوە.
بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی "koreatimes"،
شارەزایانی تەندروستی باس لەوە دەکەن کە نانخواردن لەسەر زەوی یەکێکە لە باشترین ڕاهێنانەکانی
ڕۆژانە کە دەتوانیت بۆ جەستەت ئەنجامی بدەیت.
دیارترین سوودە تەندروستییەکانی نانخواردن لەسەر زەوی:
١. باشترکردنی کرداری هەرس، کاتێک بە چوارمشقی
لەسەر زەوی دادەنیشیت، مێشک ئاماژەی ئارامبوونەوە بۆ کۆئەندامی هەرس دەنێرێت هەروەها
ماسولکەکانی سک چالاک دەکات و یارمەتی گەدە دەدات بە ئاسانی خواردنەکە تێکبشکێنێت.
٢. دانیشتن لەسەر زەوی یارمەتی دەمارەکان دەدات
کە پەیامی تێربوون خێراتر بگەیەننە مێشک، لەسەر کورسی گەدە کەمێک فشاری دەخرێتە سەر
و درەنگتر هەست بە تێربوون دەکرێت، بەڵام لەسەر زەوی ئاستی تێربوون زۆر بە وردی هەستی
پێ دەکرێت.
٣. دانیشتن بە شێوازی چوارمشقی ڕاهێنانێکی سروشتییە
بۆ پاراستنی نەرمی جومگەکان، ماسولکەکان، ئەژنۆ و پاژنەی پێ، ڕێگری دەکات لە ڕەقبوونی
جومگەکان کە بەهۆی دانیشتنی زۆر لەسەر کورسی دروست دەبێت.
٤. بۆ ئەوەی لەسەر زەوی بە هاوسەنگی دانیشیت،
ناچاریت پشتت ڕاست بکەیتەوە و شانەکانت بۆ دواوە ببەیت، ئەمەش ڕێگری دەکات لە چەمانەوەی
پشت و ئازارە درێژخایەنەکانی بڕبڕەی پشت کە بەهۆی خۆ چەمانەوە لەسەر مێزی نانخواردن
دروست دەبێت.
٥. هێوربوونەوەی مێشک، لە زانستی یوگادا، ئەم
جۆرە دانیشتنە بە "Sukhasana"
دەناسرێت، کە یارمەتی هێورکردنەوەی مێشک و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ دەدات لە کاتی نانخواردندا.
جێگەی باسە ئەگەرچی نانخواردن لەسەر زەوی زۆر تەندروستە، بەڵام بۆ ئەو
کەسانەی کە کێشەی سەوەفانی ئەژنۆیان هەیە یان نەشتەرگەری جومگەکانیان کردووە، باشترە
مێز و کورسی بەکاربهێنن بۆ ئەوەی فشارێکی زۆر نەخرێتە سەر ئەژنۆکانیان.