هەواڵێکی
زانستی و مرۆیی زۆر دڵخۆشکەر لە لایەن پەیمانگای کارۆلینسکاوە ڕاگەیەندرا کە تێیدا
وەرچەرخانێکی مێژوویی لە چارەسەرکردنی نابیستی بنەڕەتیدا بەدیهاتووە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی"science daily"، تەنها یەک دەرزی لە جۆری چارەسەری
جیناتی توانیویەتی بیستن بۆ ئەو منداڵ و گەنجانە بگەڕێنێتەوە کە بە نابیستی
لەدایکبوون و ئەم گۆڕانکارییەش تەنها لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ڕوویداوە.
ئەم چارەسەرە
نوێیە ڕاستەوخۆ کار لەسەر جینی "OTOF"دەکات کە
بەرپرسە لە ناردنی نیشانە دەنگییەکان لە گوێی ناوەوە بۆ مێشک.
زانایان
توانیویانە وەشانێکی تەندروستی ئەم جینە لە ڕێگەی یەک دەرزییەوە بخەنە ناو گوێی دە
نەخۆش کە تەمەنیان لە نێوان ١ بۆ ٢٤ ساڵدایە و ئەنجامەکان سەر سوڕهێنەر بوون، بە
جۆرێک کە هەموو نەخۆشەکان هەستی بیستنیان بۆ گەڕاوەتەوە.
لە ناو
نەخۆشەکاندا منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان تەنها دوای چوار مانگ لە وەرگرتنی
چارەسەرەکە توانیویەتی گفتوگۆی ئاسایی لەگەڵ دایکیدا بکات، ئەمەش نیشانەی
سەرکەوتنی گەورەی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیەیە.
توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە تەنها
سەرەتایە و لە داهاتوودا کار لەسەر جینەکانی تریش دەکەن کە دەبنە هۆی نابیستی، تا
بتوانن زۆرترین مرۆڤ لەو گرفتە ڕزگار بکەن.