بۆچی مرۆڤ لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا ژیرتر دەبێت؟

PM:03:05:03/04/2026

2196 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێی دەروونناسی دەریخستووە کە هۆکاری ژیریی هەندێک کەس لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیاندا و دەمارگیری هەندێکی تر، پەیوەندی بە ئاستی زیرەکییەوە نییە.

لە بڵاوکراوەیەکی ماڵپەڕی"siliconcanals"هاتووە،بەپێی وتەی دەروونناسان، ئەو کەسانەی فێربوون چۆن لەگەڵ هەستە ناخۆشەکان، گومان و بەربەستەکانی ژیاندا بمێننەوە بەبێ ئەوەی لێیان ڕابکەن، لە پیربوونیاندا کەسانێکی کراوەتر و ژیرتر دەبن.

ئەم توێژینەوەیەی، ئاماژە بەوە دەکات کە "تێپەڕاندنی ناڕەحەتی" کلیلی سەرەکییە.

ئەو کەسانەی ناتوانن بەرگەی دۆخە نادیارەکان بگرن، پەنا دەبەنە بەر ڕەتکردنەوە، تووڕەیی یان دەمارگیری بۆ یادەوەرییە کۆنەکانیان تا هەست بە ئارامی بکەن، ئەمەش وایان لێدەکات لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا هەمان بیروڕای تەمەنی ٤٥ ساڵییان هەبێت بەڵام بە شێوەیەکی دەمارگیرانەتر.

بە پێچەوانەوە، ئەو کەسانەی ژیر دەبن، ئەوانەن کە ڕێگە بە ئاڵۆزییەکانی ژیان دەدەن و لەبەردەم گۆڕانکارییەکاندا بێزار نابن.

توێژینەوەکانی زانستی دەمار و دەروونناسی جەخت دەکەنەوە کە دەمارگیری مێشک و بیرکردنەوە لە پیریدا چارەنوسێکی چەسپاو نییە، بەڵکو دەرەنجامی خوویەکی درێژخایەنی خۆدزینەوەیە لەو ڕاستی و هەستانەی کە ئازارمان دەدەن.