کاتێک کێشکە
یان مێروو لە چێشتخانەکەتدا دەبینیت، یەکەم بیرۆکە بەکارهێنانی سپرای کیمیاییە،
بەڵام زۆرێک لە خەڵکی نایانەوێت ئەو ماددە ژەهراوییانە لە نزیک منداڵ و
خۆراکەکانیان بڕێژن.
بەپێی هەواڵێکی
ماڵپەڕی"eco"، تێکەڵەی پیاز و سۆدەی نان وەک
چارەسەرێکی کاریگەر و کەم مەترسی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی مێرووەکان دەردەکەوێت کە
سەرنجی زۆری چاودێرانی ژینگەی ڕاکێشاوە.
نهێنی
سەرکەوتنی ئەم ڕێگەیە لەوەدایە کە پیازی وردکراو یان پاودەری پیاز بەهۆی بۆنە
بەهێزەکەیەوە مێرووەکان ڕادەکێشێت.
مێرووەکان بەدوای سەرچاوەی وزە و کالۆریدا
دەگەڕێن و پیازەکە وەک ژەمێکی سەرنجڕاکێش دەبینن، لە کاتێکدا سۆدەی نان وەک
ماددەیەکی بکوژ کار دەکات کاتێک دەچێتە ناو جەستەیانەوە.
کاتێک مێرووەکە
پیازەکە دەخوات کە بە سۆدەی نان داپۆشراوە، پڕۆسەیەکی کیمیایی لە ناو جەستەیدا
دەست پێدەکات.
سۆدەی نان ماددەیەکی تفتە و کاتێک لەگەڵ
ترشەڵۆکەکانی ناو گەدەی مێرووەکە و ئاو تێکەڵ دەبێت، گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرهەم
دەهێنێت.
کۆبوونەوەی ئەم
گازە لە ناو سک و ئەندامە ناوخۆییەکاندا دەبێتە هۆی دروستبوونی فشارێکی زۆر لەسەر بەرگی
دەرەوەی مێرووەکە و تێکچوونی سیستەمی هەرس، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی مردنی.
مێرووەکان
تەنها بێزارکەر نین، بەڵکو مەترسییەکی گەورەن بۆ تەندروستی چونکە بەکتریا و کەڕوو
لە ئاوەڕۆکانەوە بۆ سەر مێزی نانخواردن دەگوازنەوە.
پاشماوە و لیکی
مێرووەکان وەک هۆکارێکی سەرەکی هەستیاری و ڕەبۆ لە منداڵاندا دەستنیشان کراون.
بەکارهێنانی
ئەم ڕێگە سروشتییانە لە پاڵ پاکڕاگرتنی ماڵ، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ دوورکەوتنەوە
لە قڕکەرە کیمیاییە مەترسیدارەکان.