دزێک بەهۆی پێکەنینەوە نەیتوانی دزییەکەی بکات

PM:04:35:02/04/2026

30692 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕووداوێکی سەیر و وەک دیمەنی فیلمە کۆمیدییەکان، کارمەندانی باڕێک لە شاری مالاگای ئیسپانیا توانییان ڕێگری لە دزییەکی چەکداری بکەن تەنها بەهۆی ئەوەی وایانزانیبوو دزەکە هاوڕێیەکی خۆیانە و گاڵتەیان لەگەڵ دەکات.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی"ndtvکاتێک پیاوێک بە چەقۆیەکی گەورەی جۆری ماچێتی چووە ناو باڕیێکی ئیسپانیاوە و داوای پارەی کرد، کارمەندەکان لەبری ترس دەستیان کرد بە پێکەنین و تەنانەت یەکێک لە کارمەندەکان بە بێباکی چەکەکەی لە دەستی پیاوەکە گرت و پێی وت کە ئەمە لە یاری منداڵان دەچێت.

دزەکە کە هەستی بە سووکایەتی دەکرد بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد و داوای پارەی دەکرد، بەڵام کارمەندەکان بە پێکەنینەوە لێیان دەپرسی ئایا دەتەوێت پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەین.

بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە مەبەستی دزییە، دزەکە دەمانچەیەکی دەرکرد و کێشای بە مێزی باڕەکەدا و تەنانەت چەقۆکەشی خستە سەر ملی یەکێک لە کارمەندەکان، بەڵام کارمەندەکە زۆر بە هێمنی وەڵامی دایەوە و وتی کە چەقۆکە کولە و ناتوانێت بیبڕێت.

لە کۆتاییدا دزەکە کە بینی کەس بە هەندی وەرناگرێت، بە بێزاری و بێدەنگی بە دەستی خاڵی لە باڕەکە چووە دەرەوە.

دوای ئەوەی دزەکە لە شوێنێکی تری شارەکە دەستگیرکرا، کارمەندانی باڕەکە تووشی شۆک بوون کاتێک زانییان ئەو کەسە دزێکی ڕاستەقینە بووە و پێشتر هێرشی کردووەتە سەر چەند شوێنێکی تر.

یەکێک لە کارمەندەکان وتی کە ئەوان و کڕیارەکانیش هەموویان وایانزانیوە گاڵتەیە و تا کۆتایی پێدەقەنین بەبێ ئەوەی بزانن لە چ مەترسییەکدان، کە ئەمەش نیشانی دەدات هەندێک جار نەزانینی مەترسی دەبێتە باشترین قەڵغان بۆ پاراستنی مرۆڤ.

Bartender and customer laugh at armed robber, thinking the robbery was a prank in Mijas, Spain
byu/SafeImpressive4413 inPublicFreakout