لیۆناردۆ داڤینشی زۆربەمان تەنها وەک
وێنەکێشی "مۆنالیزا" دەیناسین، بەڵام ژیانی ئەو پڕە لەو شتانەی کە زۆر
کەس نایانزانێت.
بەپێی بابەتێکی
ماڵپەڕی "livescience "، ژیانی لیۆناردۆ داڤینچی پڕ بوو لە شتە سەرنجڕاکێشەکان و دەستکەوتەکان
کە زۆرجار باسیان لێناکرێت، لێرەدا شەش ڕاستی کەمبیستراو لەبارەی ئەوەوە دەخەینەڕوو:
١. داڤینشی زۆربەی تێبینی و دەستنووسە تایبەتەکانی
بە شێوازێکی سەیر دەنووسی، ئەو لە ڕاستەوە بۆ چەپ دەینووسی و پیتەکانی
هەڵدەگێڕایەوە، بۆ خوێندنەوەی نووسینەکانی دەبوو ئاوێنەیەک بەکاربهێنیت، هەندێک
دەڵێن ئەمەی بۆ پاراستنی نهێنییەکانی وای کردووە، هەندێکی دیکەش دەڵێن چونکە
چەپڵەر بووە و نەیویستووە مەرەکەبەکە بە دەستی بڵاو ببێتەوە.
٢. سەدان ساڵ پێش دروستکردنی فڕۆکە و
تانک، داڤینشی نەخشەی بۆ کێشابوون، ئەو دیزاینی بۆ ئامێرێکی فڕین کردبوو کە
هاوشێوەی "هەلیکۆپتەر" بوو، هەروەها نەخشەی "کالیسکەیەکی
زرێپۆش"ی کێشابوو کە وەک تانکی ئێستا وابوو. زۆربەی ئەم داهێنانانە لەو
سەردەمەدا تەنها وەک خەیاڵ دەبینران.
٣. داڤینشی تەنها هونەرمەند نەبوو،
بەڵکو زانایەکی وردی توێکاری بوو، ئەو بە دزییەوە جەستەی مردووەکانی دەپشکنی بۆ
ئەوەی بزانێت ماسولکە و ئێسکەکان چۆن کار دەکەن، نەخشەسازییەکانی بۆ کۆئەندامی
دەمار و کۆرپەلە لە ناو منداڵداندا تاوەکو ئێستاش پزیشکەکان سەرسام دەکەن.
٤. تابلۆی
مۆنالیزا بۆیە ئەوەندە بەناوبانگە چونکە داڤینشی تەکنیکێکی بەکارهێناوە بە ناوی "Sfumato"، کە تێیدا ڕەنگەکان بە جۆرێک تێکەڵ
دەکات کە هیچ هێڵێکی دیار نامێنێت، ئەمەش وادەکات دەم و چاوی مۆنالیزا بەپێی ئەو
گۆشەیەی لێی دەڕوانیت بگۆڕێت،هەندێک جار وا دەردەکەوێت پێدەکەنێت و هەندێک جار
خەمناکە.
٥. داڤینشی
ڕووەکخۆر بووە، لە سەردەمێکدا کە ئەمە زۆر دەگمەن بووە، ئەو ئەوەندە ئاژەڵانی خۆشویستووە،
دەچووە بازاڕ و ئەو باڵندانەی دەکڕی کە لە ناو قەفەزدابوون، تەنها بۆ ئەوەی
ئازادیان بکات و سەیری شێوازی فڕینیان بکات.
٦. داڤینشی
زۆرێک لە کارەکانی تەواو نەدەکرد، ئەو ئەوەندە مێشکێکی چالاکی هەبوو، کاتێک دەستی
بە پڕۆژەیەک دەکرد، بیرۆکەیەکی نوێ دەهاتە مێشکی و کارە کۆنەکەی بەجێدەهێشت، بۆیە
تەنها نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠
تابلۆی تەواوکراوی لێ بەجێماوە.