لە سەردەمی ئێستادا مۆبایل یەکێکە لە
هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە ئازاری فەقەراتی مل.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی " new indian express" ئەم بابەتە یەکێکە لە باوترین کێشە
تەندروستییەکانی سەردەم، کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر سەرت بۆ خوارەوە دەچەمێنیتەوە بۆ
سەیری شاشە، گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە بڕبڕەکانی ملدا ڕوودەدات.
بەکارھێنانی زۆری مۆبایل و
چەماندنەوەی سەر فشارێکی زۆر دەخاتە سەر فەقەراتی مل و کێشی سەر لە پێنج کیلۆوە
زیاد دەکات بۆ بیست و حەوت کیلۆگرام کە ئەمەش دەبێتە هۆی داخورانی بڕبڕەکان و
دروستبوونی ئازاری توند لە شان و پشتەملدا هەروەها دەبێتە هۆی تێکچوونی شێوەی سروشتی
مل و دروستبوونی سەرئێشەی بەردەوام بۆیە باشترین ڕێگە بۆ خۆپاراستن بەرزکردنەوەی
مۆبایلە بۆ ئاستی چاوەکان و ئەنجامدانی وەرزشی کەمی مل لە کاتی کارکردندا تاوەکو
دووربیت لە کێشە تەندروستییە درێژخایەنەکان و تێکچوونی دیسکەکانی نێوان بڕبڕەکان.
کاتێک باس لە کاریگەریی مۆبایل لەسەر
فەقەراتی مل دەکرێت پێویستە بزانیت کە بڕبڕەکانی مل ناسکترین بەشی بڕبڕەی پشتن و
بۆ هەڵگرتنی کێشێکی دیاریکراو دروست کراون بەڵام چەماندنەوەی بەردەوامی سەر بۆ
مۆبایل وەک ئەوە وایە فشارێکی یەکجار زۆر بخەیتە سەر پەتێکی لاستیکی کە لە
ئەنجامدا دەبێتە هۆی پچڕان یان تێکچوونی شێوەکەی.
ئەم حاڵەتە تەنها ئازارێکی کاتی نییە
بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی کڕکڕاگەکانی نێوان فەقەرات تووشی وشکبوونەوە و تەنکبوونەوە
ببن کە لە پزیشکیدا بە داخورانی پێشوەختە ناو دەبرێت و زۆرجار ئەم فشارە
دەگوازرێتەوە بۆ سەر دەمارەکانی قۆڵ و دەست کە دەبێتە هۆی هەستکردن بە سڕبوون یان
مێروولەکردنی پەنجەکان و تەنانەت لە هەندێک باردا دەبێتە هۆی بێهێزی لە
ماسولکەکانی دەستدا.
جگە لەوەش ئەم حاڵەتە کاریگەری
ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان چونکە کاتێک مل بۆ پێشەوە دەچەمێتەوە
قەفەزەی سنگ تەسک دەبێتەوە و سییەکان ناتوانن بە تەواوی پڕ بن لە ئۆکسجین ئەمەش
دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندوێتی بەردەوام و کەمبوونەوەی تەرکیز.
پسپۆران جەخت لەوەدەکەنەوە کە گرنگە
هەمیشە مۆبایل یان تابلێت بە شێوەیەک بەکاربهێنرێت کە چەناگە لەگەڵ سنگدا گۆشەیەکی
نەوەد پلە دروست بکات و چاوەکان ڕاستەوخۆ سەیری ناوەڕاستی شاشەکە بکەن تاوەکو مل
لەو قورساییە نائاساییە ڕزگار بکرێت کە ڕۆژانە بۆ چەندین کاتژمێر دەکەوێتە سەری.