لە یادی پەنجا
ساڵەی دامەزراندنی کۆمپانیای ئەپڵدا، باس لەوە دەکرێت کە دروستکردنی یەکەمین
ئایفۆن ئاڵۆزترین پڕۆژە بووە کە تا ئێستا ئەندازیارانی ئەو کۆمپانیایە ئەنجامیان
دابێت.
تۆنی فادێل، یەکێک لە بەڕێوەبەرە پێشووەکانی
ئەپڵ، ئاماژە بەوە دەکات کە لەو سەردەمەدا کۆمپانیاکە لەبەردەم بڕیارێکی سەختدا
بووە، چونکە
دەزانرا خەڵک تەنها یەک ئامێر هەڵدەگرن کە هەم مۆبایل بێت و هەم مۆسیقای تێدا بێت.
پێش دەرکەوتنی
ئایفۆن، ئایپۆد گەورەترین
سەرکەوتنی ئەپڵ بوو و فرۆشی بە ڕێژەی ٩٠٠٪ زیادی کردبوو، بەڵام کاتێک کۆمپانیاکانی
وەک مۆتۆرۆلا و سامسۆنگ دەستیان کرد بە بەرهەمهێنانی مۆبایل کە میوزیکی لێدەدا،
ئەپڵ ناچار بوو بڕیارێکی بوێرانە بدات.
ئەوان بڕیاریان
دا ئامێرێکی نوێ دروست بکەن کە سەرکەوتنی ئایپۆد پەکبخات و خۆیان ببنە ڕکابەری
خۆیان، ئەمەش گەورەترین و کاریگەرترین بڕیار بوو لە مێژووی ٥٠ ساڵەیاندا.
ڕوبێن
کابایێرۆ، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەندازیاری ئەپڵ، باس لەوە دەکات کە بۆ ماوەی دوو
ساڵ و نیو، تیمەکەیان شەو و ڕۆژیان خستبووە سەر یەک بۆ ئەوەی بتوانن پارچە
جیاوازەکان بە شێوەیەک پێکەوە بگونجێنن کە پێشتر هەرگیز نەکراوە. ئەم پڕۆژەیە نەک
تەنها داهاتووی ئەپڵی پاراست، بەڵکو شێوازی پەیوەندی و ژیانی هەموو مرۆڤایەتی گۆڕی
و وای کرد ئەپڵ ببێتە دەوڵەمەندترین کۆمپانیای جیهان.