شارەزایەکی ڕووسی مەرجەکانی
زیادکردنی تەمەنی مرۆڤ بۆ ١٠٠ ساڵ لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستنیشان دەکات.
ئەلێکسی سترێگین، شارەزای
تەکنەلۆژیای بایۆلۆژی، ڕایگەیاند کە تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراوی مرۆڤ لە
ئایندەیەکی نزیکدا دەگاتە ١٠٠ ساڵ.
ئەو ڕوونی کردەوە کە بەدیهێنانی ئەم
ئامانجە بەندە بە زیادکردنی بودجەی تەرخانکراو بۆ توێژینەوەکانی پیری و پێدانی
بایەخێکی زیاتر بەم دۆسیەیە لەلایەن سەرکردەکانی وڵاتانەوە.
سترێگین، کە لەگەڵ گروپی تەکنەلۆژیای
پزیشکی بایۆلۆژی لە دامەزراوەی "سکۆلکۆڤۆ"ی ڕووسی و زانکۆی مۆسکۆی حکومی
کاردەکات، وتی "بەرزکردنەوەی تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراو لە
ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا بۆ ٩٠–١٠٠ ساڵ کارێکی تەواو راستەقینەیە، بەڵام ئەوە
پێویستی بە پشتگیرییەکی جدی هەیە بۆ توێژینەوە زانستییەکان".
لە ئێستادا قەبارەی خەرجییە
جیهانییەکان بۆ توێژینەوەکانی بایۆلۆژیای پیری لە ساڵێکدا لە یەک ملیار دۆلار
تێپەڕ ناکات، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی ئەو
توێژەرانەی بە جدی لەم بوارەدا کاردەکەن لە ٣ هەزار کەس تێپەڕ ناکات، کە ئەمەش
یەکسانە بە ژمارەی کارمەندانی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیی مامناوەند.
ناوبراو وتیشی "سەرەڕای
سنوورداریی سەرچاوەکان، زاناکان ئەنجامی بەرچاویان بەدەستهێناوە، لەوانە
درێژکردنەوەی تەمەنی هەندێک زیندەوەر بۆ چەندین جار، نوێکردنەوەی خانەکانی مرۆڤ بۆ
ماوەیەکی درێژتر، خەیاڵ بکەن ئەگەر بودجەیەکی پێویست هەبێت چی بەدی دەهێنرێت،
چونکە ئاسۆکانی ئەم بوارە زۆر ئومێدبەخشن."
لە هەمان چوارچێوەدا، سترێگین جەختی
لەوە کردەوە کە ئامرازەکانی پشتگیریکردنی توێژینەوەکانی دژە پیری لە ڕووسیا
گەشەکردن بەخۆیانەوە دەبینن، ڕوونی کردەوە کە پەیمانگای توێژینەوەی پزیشکی و
پەروەردەیی لە زانکۆی مۆسکۆی حکومی لە مانگی ئازاری ڕابردوودا ڕێککەوتننامەیەکی
هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی تەکنەلۆژیای بایۆلۆژی "پلاستیم" واژۆ کردووە، کە
کار لەسەر پەرەپێدانی پڕۆژەکانی پەیوەست بە درێژکردنەوەی تەمەن دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، پرۆفیسۆر پیتەر
لیدسکی لە زانکۆی هۆنگ کۆنگ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە تەمەنی مرۆڤ ڕەنگە سنوورێکی
تیۆریی نەبێت، بەڵام بەرزکردنەوەی تێکڕای تەمەن بۆ ١٢٠ ساڵ پێویستی بە پێشکەوتنێکی
جۆریی گەورە دەبێت لە بواری پزیشکیدا.