چیرۆکێکی پڕ لە وەفا و خۆشەویستی لە ڕۆژهەڵاتی
چینەوە هەمووانی هەژاندووە.
بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی"ndtv"،
پیاوێکی تەمەن ٨٢ ساڵ بۆ ماوەی چەندین مانگ ڕۆژانە گەشتێکی ١٢ کاتژمێریی ئەنجام دەدا
تەنها بۆ ئەوەی نیو کاتژمێر لە تەنیشت هاوسەرە نەخۆشەکەیەوە بێت لە ژووری چاودێریی
ورد.
"چێن ئەچۆنگ" کە جوتیارێکی بە تەمەنە،
دوای ئەوەی "شوێ"ی هاوسەری تووشی جەڵتەی مێشک و هەوکردنی توندی سییەکان
بوو، بڕیاری دا هەموو ڕۆژێک کاتژمێر ٤:٣٠ی بەیانی لە خەو هەستێت و دوای ئامادەکردنی
خواردن، بە پاس لە شارەکەی خۆیەوە بەرەو نەخۆشخانەی شاری نینگبۆ بەڕێ بکەوێت.
ئەم پیاوە بەوەفا بۆ ماوەی ١٠٥ ڕۆژ بە بەردەوامی
ئەم ڕێگە دوورەی دەبڕی تەنها بۆ ئەوەی لەو کاتە کەمەی سەردانکردندا دەستی هاوسەرەکەی
بگرێت و یادگارییەکانی ٥٠ ساڵ تەمەنی هاوبەشیان بۆ بگێڕێتەوە.
چێن تەنانەت هەموو پاشەکەوتی تەمەنی کە زیاتر لە
١٠٠ هەزار یوانی چینی بوو لە چارەسەری هاوسەرەکەی تەرخان کرد و کوڕەکەشی ماڵەکەی خۆی فرۆشت
بۆ دابینکردنی تێچووە پزیشکییەکان.
کاتێک خەڵک و کارمەندانی نەخۆشخانە ئەم هەموو خۆشەویستییەیان بینی،
هاوکارییەکی زۆری داراییان پێشکەش کردن و هێڵەکانی گواستنەوەش کرێی هاتوچۆیان لێ وەرنەدەگرت.
سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، لە کۆتا سەردانیدا و
کاتێک چێن خەریکی گەڕانەوە بوو بۆ ماڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هاوسەرەکەی پێدرا.
لە کۆتا ساتەکاندا، چێن بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە
دەستی هاوسەرەکەی بە توندی گرت و ماڵاوایی لێکرد، و ڕایگەیاند کە هەرچەندە ئازارەکە
بۆی بە ئێشە و ناتوانێت لەدەستدانی قبوڵ بکات، بەڵام هیچ شتێک لەگەڵ چارەنووسدا
ناکرێت و پێی ڕازییە ،هەر بۆیە وەفای ئەو بۆ هاوسەرەکەی تا کۆتا هەناسە وەک نموونەیەکی
باڵای عەشق لە یادەوەریی خەڵکدا دەمێنێتەوە.