زانایان لە توێژینەوەیەکی نوێدا پەیوەندی نێوان فشارە دەروونییەکان و پەرەسەندنی نەخۆشی ئەکزیمایان دۆزییەوە.
بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "Nature"، ئەم لێکۆڵینەوەیە دەریخستووە کە
کۆمەڵە دەمارەخانەیەکی دیاریکراو لە کاتی سترێسدا چالاک دەبن و دەبنە هۆی هاندانی
خانە بەرگرییەکانی ناو پێست.
ئەم پرۆسەیە
دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە جۆری ئۆزینۆفیل کە هەوکردن و
خورانی پێست لە تووشبوان بە ئەکزیما زۆر زیاتر دەکات.
توێژەران
ئاماژە بەوە دەکەن کە هەستی دەروونی ناخۆش ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت بۆ ڕووداوێکی بایۆلۆژی
و کار دەکاتە سەر تێکدانی شانەکانی لەش.
تاقیکردنەوەکان لەسەر مشک و مرۆڤ ئەوەیان
سەلماندووە کە ئەو کەسانەی فشاری دەروونییان زۆرە ڕێژەی هەوکردنی پێستیان زۆر
بەرزترە.
ئەم دۆزینەوەیە ڕێگەی نوێ بۆ پزیشکان خۆش دەکات
تا بتوانن لە ڕێگەی هێمنکردنەوەی دەمارەکانەوە چارەسەری نیشانە توندەکانی ئەکزیما
بکەن.
بەمەش زانایان وەڵامی ئەو پرسیارە مێژووییەیان
دایەوە کە بۆچی دڵەڕاوکێ دەبێتە هۆی سووربوونەوە و خورانێکی بێزارکەر.
ئێستا
دەتوانرێت بە شێوازێکی زانستیتر ڕێگری لە گەشەکردنی هەوکردنەکان بگیرێت پێش ئەوەی
بگاتە ئاستێکی مەترسیدار. ئەم هەنگاوە، گرنگە بۆ زیاتر لە دووسەد ملیۆن کەس لە
جیهاندا کە بەدەست ئەم جۆرە نەخۆشییەوە دەناڵێنن.