دواخستنی نانی بەیانی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات

AM:08:42:08/01/2026

180 جار خوێندراوەتەوە

ڕەنگە سادە دەربکەوێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە کاتی یەکەم ژەمی ڕۆژەکەت هۆکارێکی گرنگە بۆ تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکانت و میتابۆلیزم.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لە ماڵپەری تەندروستی بڵاوکراوەتەوە، خواردنی نانی بەیانی دوای کاتژمێر 9ی بەیانی پەیوەندی بە زیادبوونی بەرچاوی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە، هاوکات خواردنی نانی بەیانی زوو کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی بۆری خوێن و ڕێکخستنی پەستانی خوێن و ئاستی شەکری خوێن هەیە.

لە ساڵانی ڕابردوودا توێژەران لە فەرەنسا زانیارییەکانی زیاتر لە ١٠٠ هەزار بەشداربوویان شیکردووەتەوە بۆ ماوەی حەوت ساڵ،ئەنجامەکان سەرنجڕاکێش بوون دەرکەوتووە ئەو کەسانەی لە دوای کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی نانی بەیانی دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاترە لە چاو ئەوانەی کە ڕۆژەکەیان بە ژەمێک لە کاتژمێرەکانی زووی بەیانیدا دەستپێدەکەن.

زانایان هۆکاری ئەم کاریگەرییە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە کاتی ژەمەکان کاتژمێری ناوەوەی جەستە ڕێکدەخات کە دەردانی هۆرمۆنەکان و وەڵامدانەوەی جەستە بۆ ئەنسۆلین کۆنتڕۆڵ دەکات.

کاتێک ئەم هاوئاهەنگییە لە نێوان کاتژمێری بایۆلۆجی و وەرگرتنی خۆراکدا تێکدەچێت، میتابۆلیزم لاواز دەبێت و بەرگری ئەنسۆلین زیاد دەکات، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و کۆبوونەوەی چەوری لە خوێنبەرەکاندا.

دۆزینەوەکان تەنها لە نانی بەیانیدا سنووردار نەبووە بەڵکوو دەرکەوتووە کە خواردنی ژەمی ئێوارە لە دوای کاتژمێر نۆەوە مەترسی تووشبوون بە کێشەی خوێنبەرەکانی مێشک تا ٢٨% زیاد دەکات، ئەمەش پەیوەستە بە کەمبوونەوەی کارایی جەستە لە هەرسکردنی خۆراک لە ئێواراندا بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی میلاتۆنین کە هۆرمۆنی خەوتنە، کە توانای خانەکان بۆ پرۆسێسکردنی چەوری و شەکر تێکدەدات.

ئەو کەسانەی کە درەنگ ژەمەکان دەخۆن زۆرجار تووشی تێکچوونی خەو، قەڵەوی و زیادبوونی هەوکردنی درێژخایەن دەبن، هەموو ئەو هۆکارانەش ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە.