کەشناسی هەرێم دەڵێت، شەپۆلێکی دیکەی
بەفر و باران روو لە هەرێم دەکات و کەشەکە بەتەواوەتی دەیبەستێت، بەجۆرێک لە
زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما دەچێتە ژێر سفر پلەی سیلیزی و زیاتریش.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ـی کانونی یەکەمی
٢٠٢٥، کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، بەڵام
بۆ سبەی بەیانی شەپۆلێکی تری بەفر و باران روو لە هەرێم دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا بەیانی زوو لە ناوچە
سنوورییەکانی رۆژئاوای پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات، پاشان دوای نیوەڕۆ، تەواوی ناوچەکانی
هەرێم دەگرێتەوە، بە سەنتەری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم و کەرکوکیشەوە.
دەشڵێت، پلەی گەرما پێنج بۆ هەشت پلەی دیکە نزمتر
دەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان بەبڕی ١٥ بۆ ٣٠ سانتیم بەفر دەبارێت و پلەی گەرماش
دەچێتە ژێر سفر پلەی سیلیزی.
بەپێی پێشبنییەکانیان سبەی ئێوارە و لە کاتەکانی
شەودا شەپۆلەکە لاواز دەبێت و کەشەکە تاڕادەیەک ئاسایی دەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی
سیلیزی:
هەولێر: ٤ پلەی سیلیزی
سلێمانی: ١ پلەی سیلیزی
دهۆک: ٤ پلەی سیلیزی
زاخۆ: ٤ پلەی سیلیزی
کەرکوک: ٤ پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: ٢ پلەی سیلیزی
سۆران: ١ پلەی سیلیزی
ئاکرێ : ٣ پلەی سیلیزی
ئامێدی: -٢ پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: -٧ پلەی سیلیزی
گەرمیان : ٦ پلەی سیلیزی