ئیفلیجی خەو چییە؟

PM:03:14:27/12/2025

4736 جار خوێندراوەتەوە

ئیفلیجی خەو حاڵەتێکی کاتییە بە کەمبوونەوەی توانای کۆنتڕۆڵکردنی ماسولکەکان لە کاتی خەودا ناسراوە، لە کاتی ڕوودانی ئەم حاڵەتەدا کەسەکە هەست دەکات بەخەبەرە و ئەزموونی هەستکردن بە خنکان دەکات.

بەشێکی خەو بریتییە لە خەوی ئارام کە نزیکەی ٧٥٪ خەو دەگرێتەوە لەماوەی خەوی ئارامدا جەستە خاو دەبێتەوە و پشوودەدات، لە کۆتایی خەوی ئارامدا جەستە دەچێتە قۆناغی چالاک، لەم قۆناغەدا خێرایی جووڵانی چاوەکان زیاد دەکات، جووڵەی خێرای چاو یەکێكە لە قۆناغەکانی خەو کە چالاکی مێشک زیاد دەکات، لێدانی دڵ و پەستانی خوێن زیاد دەکەن،توێژەران لەو باوەڕەدان حاڵەتی ئیفلیجی خەو بەهۆی تێکەڵبوونی قۆناغی بەئاگابوون و قۆناغی خێرا جووڵانی چاوەکان ڕوودەدات.

نیشانەی بنەڕەتی ئیفلیجی خەو بریتییە لە بێتوانایی جووڵانی جەستە، ئەم حاڵەتە پاش ماوەیەکی کەم لە چوونە ناو خەو ڕوودەدات، لە کاتی ڕوودانی ئەم حاڵەتە کەسەکە هەست دەکات بەخەبەرە و بە ئاگایە لە لەدەستدانی کۆنتڕۆڵکردنی ماسولکەکانی، بەڵام ناتوانێت بجووڵێت و قسە بکات، هەست بەوە دەکات کە کەسێک لە ژوورەکەی یان لە نزیکیدایە و پەستان لەسەر سنگی دەکات یان دەیەوێت بیخنکێنێت.

لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە، نزیکەی ٤٠٪ ی خەڵکی ئەزموونی حاڵەتی ئیفلیجی خەویان کردووە، راستییەکەی هەر کولتوورێک چیرۆکێک یان روونکردنەوەیەکی هەیە بۆ روودانی ئەم حاڵەتە، هەندێک کولتوور هۆکاری ڕوودانی ئیفلیجی خەو بۆ ڕۆحەکان دەگەڕێننەوە، بەڵام لەڕووی پزیشکییەوە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕوودانی ئیفلیجی خەو بریتین لە کەمخەوی، تێکچوونی ماوەی خەوتن، فشاری دەروونی و لەسەر پشت خەوتن.