کەشناسی وادەی هاتنی شەپۆلێکی بەفر و کڕێوەی راگەیاند

PM:01:15:27/12/2025

348 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، "ئەمڕۆ و سبەی نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی کاتەکاندا دەبارێت لەگەڵ بارینی بەفر لەوچە شاخاوییەکان، هاوکات لەناوچە نیمچە بەرزەکان کڕێوە دەبارێت و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە".

ئەمڕۆ شەممە ٢٧ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم، ئاسمان بەگشتی هەوری باراناوی دەبێت، نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی کاتەکاندا دەبارێت، لە ناوچە سنووریەکان و ناوچە شاخاویە بەرزەکان بەفر بارین بەردەوامی هەیە، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە نیمچە بەرزەکان تێکەڵەی باران و وردە بەفر (کڕێوە) ببارێت.

باسی لەوەشکردووە، پلەکانی گەرما بەگشتی نزم دەبێتەوە بە دوو بۆ پێنج پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

دەشڵێت، سبەینێ یەکشەممە، "ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت، بارانی مامناوەند لە هەموو ناوچەکاندا دەبارێت لە هەندێ کات و شوێن رێژەی دابارین زیاد دەکات بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم، بەفر بارین بەردەوام دەبێت لە ناوچە سنووریەکان و ناوچە شاخاویە بەرزەکان، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە نیمچە بەرزەکان تێکەڵی باران و وردە بەفر (کڕێوە) ببارێت، هەروەها لە کاتی باران باریندا خێرای با چالاک دەبێت بۆ سەرووی ٣٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە تایبەت لە ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی، لە کاتی ئێوارەدا باران بارین بە نمە بارانی پچڕ پچڕ لە هەندێ شوێن دەبێت".

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر: ١٠ پلەی سیلیزی

سلێمانی: ٧ پلەی سیلیزی

دهۆک: ٩ پلەی سیلیزی

زاخۆ: ١٠ پلەی سیلیزی

کەرکوک: ١١ پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: ٨ پلەی سیلیزی

سۆران: ٧ پلەی سیلیزی

گەرمیان: ١٢ پلەی سیلیزی