تیمێکی زانایان لە ئەمریکا دۆزینەوەی میکانیزمێکی
نوێیان ڕاگەیاند کە دەتوانێت چارەسەری تێکچوونی گورچیلە بکات.
لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری "Cell Metabolism" بڵاوکراوەتەوە، ئەنجامەکان سەرەتایین بەڵام دەرگا بەڕووی ئەگەری پەرەپێدانی
چارەسەرێکی گونجاو و تەواوەتی دەکاتەوە بۆ ڕزگارکردنی ملیۆنان نەخۆش لە سەرانسەری
جیهاندا.
گورچیلە یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە،
خوێن دەپاڵێون و خوێ و شلەمەنیەکان هاوسەنگ دەکەن و بە وردی کۆنترۆڵی کیمیای جەستە
دەکەن، جێگەی باسە زۆرجار کێشەکانی گورچیلە بە بێدەنگی دەست پێدەکەن و گەشە دەکەن،
بەبێ ئەوەی نیشانەیەکی ڕوون لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەربکەوێت.
دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەم زیانانە
پێشکەوتنێکی پزیشکی ناوازەیە کە دەتوانێت داهاتووی چارەسەرکردنی نەخۆشی گورچیلە بگۆڕێت.
تیمی توێژینەوەکە جۆرێکی دیاریکراوی چەورییان
ئاشکرا کردووە کە پێی دەوترێت سیرامیدەکانی زیانبەخش، ئەم مۆلیکولانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان
لەسەر مایتۆکۆندریای ناوەندەکانی وزە لە ناو خانەکاندا هەیە و بەشدارن لە خێراکردنی
تێکچوونی خانەکانی گورچیلە.
زاناکان سەرکەوتوو بوون لە وەستاندنی
بۆماوەیی بەرهەمهێنانی سیرامید لە مشکدا، هەروەها تیمەکە دەرمانێکی تاقیکارییان
تاقیکردەوە کە لەلایەن کۆمپانیای "Centeurus
Therapeutics" پەرەی پێدراوە، ئەم دەرمانە ڕێگری لە کۆبوونەوەی سیرامیدە زیانبەخشەکان
دەکات.
ئەنجامەکان سەرسوڕهێنەر بوون ئەو
مشکانەی کە دەرمانەکەیان وەرگرتووە کارکردنی گورچیلەیان بە تەواوی ئاسایی
هێشتووەتەوە و لە کاتی پشکنیندا تەندروست دەرکەوتوون.
ئەگەر ئەم ئەنجامانە لە مرۆڤدا دووبارە بکرێنەوە،
ئەوە یەکێک دەبێت لە پێشکەوتنە پزیشکییە بەرچاوەکانی ئەم دەیەی ئێستا.
سەرەڕای ئەو گەشبینییە، شارەزایان ئاماژە بەوە
دەکەن دەرمانەکە هێشتا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە و تا ئێستا تاقیکردنەوە لەسەر
مرۆڤ دەستی پێنەکردووە، گەیشتن بە چارەسەرێکی تەواوەتی رەنگە ساڵانێک لێکۆڵینەوە و
تاقیکردنەوە بخایەنێت.