توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە قەڵەوی ئەگەری
تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە زیاد دەکات، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندی بە نەخۆشییەکانی
دڵ و شەکرەشەوە هەیە.
لە بابەتێکی ماڵپەڕی " eremnews"دا
ئاماژە بەوەکراوە کە زیادبوونی چەوری جەستە دەبێتە هۆی هەوکردنی درێژخایەن و
ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان و فشاری ئۆکسجینی کە دەبێتە هۆی گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان
لە ناوپۆشی گەدەدا.
نیشانە باوەکانی شێرپەنجەی گەدە بریتین لە هەرس
نەکردنی خۆراک، دڵەکزێ، ئاوساوی گەدە دوای ژەمەکان، نەمانی ئارەزووی خواردن ، لەناکاو
دابەزینی کێش، سکچوون، ڕشانەوە و ئازاری گەدە.
قەڵەوی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە گەشەکردنی نەخۆشییەکەدا
لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکەوە، چەوری دەوروبەری سک دەبێتە هۆی هەوکردنێکی پلە نزم کە
کاریگەری لەسەر خانەکانی گەدە دەبێت و هانی گەشەکردنی وەرەم دەدات هەروەها بەرزبوونەوەی
ئاستی ئەنسۆلین و ئیسترۆجین و لێپتین کە لە ئەنجامی قەڵەویەوە دروست دەبێت، دەبێتە
هۆی دابەشبوونی خانە شێرپەنجەییەکان.
جگە لەوەش چەوری جۆری ئۆکسجینی کارلێککەر بەرهەم
دەهێنێت کە دەبێتە هۆی فشاری ئۆکسجینی و زیان بە DNAدەگەیەنێت و توانای جەستە بۆ چاککردنەوەی تێکدەدات.
چەوری زیادە دەتوانێت فشار لەسەر گەدە زیاد
بکات و دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ترشەڵۆک و خورانی ناوپۆشی گەدە ئەمەش دەتوانێت کاریگەری
لەسەر هاوسەنگی بەکتریاکانی ناو کۆئەندامی هەرس هەبێت.
بۆ خۆپاراستن، باشترە کێشێکی تەندروست بپارێزیت،
ڕێجیمێکی دەوڵەمەند بە میوە و سەوزە و دانەوێڵەی تەواو پەیڕەو بکەیت، خۆراکە لە
قتونراوەکان سنووردار بکەیت، دوور بکەوەرەوە لە جگەرەکێشان، ئەم ڕێوشوێنانە یارمەتیدەرن
بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە و پاراستنی تەندروستی هەرس بۆ
ماوەیەکی درێژ.