توێژینەوەیەک: کەسایەتییە ئەرێنییەکان تەمەنیان درێژترە

AM:11:40:30/09/2025

728 جار خوێندراوەتەوە

توێژەران دوای شیکردنەوەی داتای ٢٢ هەزار کەسی پێگەیشتوو ئاشکرایان کرد کە ئەو کەسانەی ئەرێنین و پڕ وزە و کەسانی چالاکن تەمەنیان درێژترە بە بەراورد بەو کەسانەی نەرێنین و بەردەوام لە دڵەڕاوکێ و توڕەبووندان.

ڕۆژنامەی " The Guardian"ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە کە توێژینەوەکە لەسەر ئەو وشانە بووە کە بەشداربووان بۆ وەسفکردنی خۆیان بەکاریان هێناوە نەک پۆلێنکردنیان بەپێی جۆرەکانی کەسایەتی نەریتی.

دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە وەسفی خۆیان بە تایبەتمەندیەکانی وەک "چالاک" ،"وزەدار" یان "جوان" کردووە ئەوا لە ماوەی توێژینەوەکەدا مەترسی مردنیان بە ڕێژەی ٢١% کەمتر بووە.

هەروەها کردارەکانی وەک ڕێکخستن و بەرپرسیارێتی و کاری قورس پەیوەست بوون بە تەمەنێکی درێژترەوە، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی وشەی نەرێنییان بەکارهێناوە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییە درێژخانەکایان زیاتر بووە و بەرگری جەستەیان لاواز بووە.

توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم دۆزینەوانە بەو مانایە نییە کە رێگری لە مردن بکرێت، بەڵام ئەوە پیشان دەدەن کە سیفەتی کەسایەتی ڕەنگە کاریگەری لەسەر ڕەفتارە تەندروستییەکان هەبێت، کەسانی ڕێکخراو مەیلیان هەیە ڕۆتینی تەندروست بپارێزن، کەسانی چالاک شێوازێکی ژیانی چالاکتر دەگرنەبەر و باشتر توانای ڕووبەڕووبوونەوەی فشاریان هەیە.

توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی دەتوانن ببنە بەشێک لە ڕێبازە پزیشکییەکان لە داهاتوودا، بە بەکارهێنانی پرسیارنامەی کەسایەتی شانبەشانی هەڵسەنگاندنی تەندروستی کۆن بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە پشتیوانی زیاترە بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.