ئەم خۆراکانە هاندانی بەرهەمهێنانی کۆلاجین زیاد دەکەن

AM:10:44:29/07/2025

11532 جار خوێندراوەتەوە

کۆلاجین یەکێکە لە پڕۆتینە سەرەکییە پێکهاتەییەکانی ناو شانە بەستەرەکانی جەستە، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی تەندروستی ئێسک و جومگەکان، ئەمە جگە لەوەی نیشانەکانی پیربوون لەسەر پێست دوادەخات.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " skynews" بڵاوکراوەتەوە، هەرچەندە زۆرێک لە خۆراکە ئاژەڵییەکان ڕاستەوخۆ کۆلاجینیان تێدایە، بەڵام هەندێک لە خۆراکە ڕووەکییەکان بەشدارن لە دابینکردنی توخمە پێویستەکان کە هاندەری بەرهەمهێنانی جەستەن، ئەوانیش وەک:

١. "شلەی ئێسک" بە ئینگلیزی (bone broth) ی پێدەوترێت، کەبریتییە لە کوڵانی لەسەرخۆی ئێسک و بەستەرەشانەکانی ئاژەڵ، ئیتر ئایا ئەو ئێسکە ئێسکی مەڕ و مانگا بێت یاخود ئێسکی مریشک بێت، ئەمەش یەکێکە لە سەرچاوە سروشتییە دیارەکانی کۆلاجین.

٢. خواردنە دەریایەکان، پێست و ئێسکی ماسی کۆلاجینی سروشتی تێدایە، کە ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ بەدەستهێنانی کۆلاجین.

٣. قاچی مریشک کۆلاجینی زیاتری تێدایە لە چاو سنگی مریشک کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ماسولکە پێکهاتووە، هەروەها شۆربای مریشک سەرچاوەیەکی باشە بۆ کۆلاجین و پرۆتین.

٤. بەرهەمە شیرەمەنیەکان، شیرەمەنی هەموو ترشە ئەمینییە پێویستەکان دابین دەکات، ئەمەش وایکردووە سەرچاوەیەکی باش بێت بۆ هاندانی بەرهەمهێنانی کۆلاجین لە جەستەدا.

٥. سەوزەکان بە شێوەیەکی گشتی وەک سپێناخ، ڤیتامینC و ترشە ئەمینییە گرنگەکانی تێدایە کە یارمەتیدەرە بۆ دروستبوونی کۆلاجینیان، ئەمەش وایان لێدەکات بەشێکی سەرەکی خۆراکی تەندروست بن.

٦. میوەکانی وەک لیمۆ، پڕتەقاڵ، ترێ، کیوی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی کۆلاجین، کەمی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی کێشەی چاکبوونەوەی برینەکان یان نەخۆشی.

هەرچەندە کۆلاجین کە لە خۆراکەوە وەردەگیرێت لە کاتی هەرسکردندا بەشێکی تێکدەچێت، بەڵام جەستە دەتوانێت ترشە ئەمینیەکانی بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی کۆلاجینی نوێ، هەندێک لە توێژینەوەکان دەریدەخەن کە کۆلاجین ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی تەندروستی ئێسک و جومگەکان، هەروەها زیادکردنی شێداری و درەوشانەوە پێست.

زۆرێک پرسیاری ئەوە دەکەن کە "ئایا پێویستە تەواوکەری کۆلاجین بخۆیت؟" لەمبارەیەوە پسپۆران باس لەوە دەکەن کە بە گشتی باشتر وایە کۆلاجین و ماددە خۆراکیەکان لە خۆراکەوە بەدەست بهێنرێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە دوای ڕاوێژکردن بە پزیشک بیر لە تەواوکەرەکان بکرێتەوە، تەواوکەری کۆلاجین بە چەندین شێوە بەردەستە، بەڵام لە پێکهاتە و چڕییدا جیاوازە لە سەرچاوە سروشتییەکان.