دەیان تاوس بە شێوەیەکی نهێنی لە هۆتێلێکی ویلایەتی کالیفۆرنیا دیارنەماون

PM:01:32:25/07/2025

1112 جار خوێندراوەتەوە

دەیان تاوس کە بەهای هەریەکەیان نزیکەی دوو هەزار دۆلارە، بە شێوەیەکی نهێنی لە گۆڕەپانی هۆتێلێکی مێژوویی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دیارنەماون، ئەمەش ستافی هۆتێلەکەی تووشی شۆک کردووە.

لە کۆی ٤٠ تاوس کە رۆژانە لە هۆتێلی ڕاید لە والنات گڕۆڤ بە ئازادی دەسوڕانەوە و کەشێکی تایبەتیان بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری و بۆنە و ئاهەنگەکانی دیکە دروستکردبوو، تەنها چوار تاوس ماونەتەوە.

دەیڤید نیلسن بەڕێوەبەری گشتی هۆتێلەکە لەبارەی دیارنەمانی ئەو ٣٦ تاوسەوە دەڵێت " نازانین بۆچی کارێکی لەم شێوەیە کراوە، تەواوەی ستافەکامان زۆر دڵتەنگین، ئەم تاوسانە بۆ ئێمە مانای زۆریان هەبوو"

نیلسن ڕوونیکردەوە، گومانی دزیکردنە بەم شێوەیە بووە کاتێک یەکیک لە میوانەکان ڕایگەیاندووە دوو پیاوی بینیوە کە چەند تاوسەکانیان گرتووە و لەناو قەفەسێکدا دایناون، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم باڵندانە راهێنراوبوون خوویان بە کارلێککردن لەگەڵ مرۆڤدا گرتووە، ئەمەش ڕەنگە وایکردبێت کە دزەکان بە ئاسانی بیانگرن.

لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت، دەسەڵاتداران بەهای هەر تاوسێکی نێریان بە نزیکەی ٢٠٠٠ دۆلار خەمڵاندووە، و تاوسە مێینەکانیان بە نزیکەی ١٠٠٠ دۆلار.

ئەم باڵندانە بە پەڕە نایابەکانیانەوە بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامەی ئەو هۆتێلە کە دەکەوێتە کەناری ڕووباری ساکرامنتۆ. چیرۆکەکە ١٤ ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە کاتێک خاوەنەکەی پێنج تاوسی هێناوە بۆ ئەوەی لە باخچەکەدا بگەڕێن و ژمارەیان بە خێرایی زیادی کردووە.

جێگەی باسە ئەم ڕووداوە بە ئازارە بووە هۆی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی هۆتێلەکە ئاسایشی زیاتر دابین بکات و کامێرای چاودێری زیاتر دابنێن، لە کاتێکدا هەمووان هیوادارن کە ئەم باڵندە سەرسوڕهێنەرانە بەم زووانە بگەڕێنەوە هۆتێلەکە.