ژنێکی ئەمریکی لە سەرەتای پەتای کۆرۆناوە وەک پەرستار
کاردەکات و ناوی ساختە و بەڵگەنامەی ساختە بەکاردەهێنێت.
کەناڵی "ABC News"
بڵاویکردووەتەوە، پۆلیسی ویلایەتی پێنسیلڤانیا، شانۆن نیکۆڵ وۆماکی تەمەن ٣٩ ساڵیان دەستگیرکرد،
دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە نزیکەی ٢٠ ناوی ساختە و حەوت ژمارەی جیاوازی ئاسایشی کۆمەڵایەتی
بەکارهێناوە و خۆی وەک پەرستار لە ویلایەتە جیاوازەکاندا نیشانداوە، لە خانەی بەساڵاچووان
و ناوەندەکانی چاکسازی کاری کردووە و بەڵگەنامە و مۆڵەتی کارکردنی ساختەی
بەکارهێناوە.
لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا پۆلیس چەندین ناسنامەی
ساختە و دەرمانی ڕەچەتە و تۆماری پزیشکی و ئامێری دۆزیەوەتەوە هەروەها کاتێک دەستگیرکراوە
هەوڵیداوە ناسنامەیەکی ساختە پیشانی ئەفسەرانی پۆلیس بدات، بەڵام بێ سوود بووە، لە
ئێستادا دەستگیرکراوە و لێکۆڵەران بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە لەگەڵیاندا کاریان
کردووە.
بەپێی هەندێک سەرچاوە ڕووبەڕووی ٤٣ تۆمەت دەبێتەوە،
لەوانە مەترسی خستنە سەر ژیانی نەخۆشەکان، دزینی ناسنامە، ساختەکردنی بەڵگەنامە، بەکارهێنانی
مۆڵەتی کارکردنی ساختە و هەڵگرتنی ماددەی هۆشبەر.