بەدواداچوون بۆ بەختەوەری ئامانجی هەموو کەسێکە؛
تەنانەت ژیانی ڕۆژانەش بەو پێیەی کە هەست بە دڵخۆشی دەکەین، ئەو سووتەمەنییەن کە
پاڵمان پێدەنێن بۆ بەردەوامبوون لە ژیان و هەوڵدان.
ماڵپەری (سیدتی) ئاماژەی بە توێژینەوەیەک
کردووە کە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، تیمێک لە توێژەرانی ئەڵمانی و سویسری توێژینەوەیەکیان
ئەنجامدا کە زیاتر لە ٤٦٠ هەزار بەشداربووی وڵات و کولتوورە جیاوازەکان تێیدا بەشداربوون.
بەپێی وتەی توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە، سوزان بۆوکەر، توێژەران سەرنجیان خستۆتە سەر
پەرەپێدانی سێ پێکهاتەی بنەڕەتی خۆشگوزەرانی بابەتیی: ڕەزامەندی لە ژیان، حاڵەتە سۆزدارییە
ئەرێنییەکان و حاڵەتە سۆزدارییە نەرێنییەکان.
دوای شیکردنەوەی ئەنجامەکان، توێژەران بۆیان دەرکەوت
کە تەمەنێکی دیاریکراو هەیە کە مرۆڤەکان هەست بە دڵخۆشیترینیان دەکەن، ئەویش تەمەنی
٧٠ ساڵە. هەروەها توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، بەختەوەری لە سەرانسەری ژیاندا شێوازێکی
ناجێگیر پەیڕەو دەکات کە ڕەنگە بەرزبێتەوە یان دابەزێت بۆ نموونە، ڕەزامەندی لە ژیاندا
لە نێوان تەمەنی ٩ بۆ ١٦ ساڵیدا کەم دەبێتەوە، دواتر بەرز دەبێتەوە بۆ ئەوەی لە تەمەنی
٧٠ ساڵیدا بگاتە لوتکە، دواتر دەستدەکاتەوە بە دابەزین تا تەمەنی ٩٦ ساڵی (بەتەمەنترین
تەمەن کە لە توێژینەوەکەدا تۆمارکراوە)
بۆچی کەسانی تەمەن حەفتاکان
هەست بە دڵخۆشی دەکەن؟
ئەنجامەکان دەریانخستووە
کە 90%ی بەشداربووان لە تەمەنی 70 ساڵیدا هەستیان بە دڵخۆشی کردووە، بە بەراورد بە
81%ی کەسانی تەمەن 60 ساڵان و 80%ی کەسانی تەمەن 40 ساڵان.
ئەم قۆناغەی ژیان
توانایەکی قووڵتر بە مرۆڤ دەبەخشێت بۆ ئەوەی بە ڕوونیتر چارەسەرەکان ببینێت و بە
متمانەیەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ژیاندا بکات بە بەراورد بە قۆناغەکانی
پێشووی ژیان.