ژنێک ٨٠ ساڵ چاوەڕێی گەڕانەوەی مێردەکەی بوو

AM:10:38:24/03/2025

4760 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی چینی دوای ئەوەی نزیکەی ٨٠ ساڵ چاوەڕێی گەڕانەوەی مێردەکەی بوو لە ماڵەکەی خۆی کۆچی دوایی کرد.

لە ماڵپەری " South china morning post" بڵاوکراوەتەوە، ژنێکی چینی تەمەن ١٠٣ ساڵ بەناوی دوهوژن لە ماڵەکەی خۆی لە پارێزگای گویژۆ لە باشووری ڕۆژئاوای چین گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٨٠ ساڵ چاوەڕێی گەڕانەوەی هاوسەرەکەی بوو کە بۆ کارەکەی بۆ دەرەوەی وڵات رۆشتووە و هەرگیز جارێکی دیکە نەگەڕاوەتەوە.

دوهوژن پێش مردنی هەموو ئەو شتانەی هەڵگرتبوو کە لە ڕۆژی هاوسەرگیرییەکەیدا لە ساڵی ١٩٤٠ بەکاری هێنابوو، کە هێمای دڵسۆزی و خۆشەویستی بوو بۆ هاوسەرەکەی هوانگ جونفو.

دوای ماوەیەکی کەم لە هاوسەرگیریەکەیان، هوانگ پەیوەندی بە سوپاوە دەکات بەشداری شەڕەکانی چین دەکات، دوای گەڕانەوەی لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٤دا کوڕەکەیان لەدایک دەبێت بە ناوی هوانگ فاشانگ، بەڵام دوای ماوەیەک دووبارە مێردەکەی بۆ کارەکەی بۆ دەرەوەی وڵات دەڕوات هەرگیز جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ لایەن.

دوایین نامە کە دوهوژن لێی وەرگرتووە، لە بەرواری ١٥ی یەکی ١٩٥٢ بووە، نووسیویەتی " لە پێناو پەروەردەی کوڕەکەمان فاشنگ ئەمە دەکەین، پێویستە گرنگی بە خوێندنەکەی بدەیت، هەرچەندە بارودۆخی خێزانەکەمان قورس بێت، ڕۆژێک دێت کە جارێکی دیکە یەکتر ببینینەوە"

ئەو کاغەزەی کە نامەکەی لەسەر نووسرابوو ئاماژەی بەوە دەکرد کە لە کۆمپانیایەکی چینی بیناسازی لە مالیزیا کاردەکات.

دوهوژن لە دووری هاوسەرەکەی ژیانێکی سەختی بەسەر بردووە، بەڕۆژ لە بواری کشتوکاڵدا کاری دەکرد و شەوانەش سەرقاڵی دوورینی جلوبەرگ بووە بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەی دابین بکات، بەپێی زانیارییەکانیش بە بەردەوامی چاوەڕی گەڕانەوەی هاوسەرەکەی بوو، هەموو پێشنیارەکانی بۆ دووبارە هاوسەرگریکردنەوەی رەتکردووەتەوە.

جێگەی باسە کوڕەکەی هوانگ فاشانگ دوای تەواوکردنی خوێندنی بوو بە مامۆستای قوتابخانەی ناوەندی، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢ کۆچی دوایی کردووە.

بەپێی بەڵگەنامە حکومییەکان هوانگ جونفو لە ساڵی ١٩٥٠ لە مالیزیا نیشتەجێ بووە، بەڵام دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەکی زیادە لەبارەیەوە بزانن، لەگەڵ ئەوەشدا بنەماڵەی دوهوژن هەوڵێکی زۆریان دا بۆ دۆزینەوەی، لەوانە دانانی ڕیکلامی ڕۆژنامەکان و گرێبەستکردن لەگەڵ دەزگا بیانییەکان، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی شکستی هێنا.