لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی
شەکر، زۆر کەس بەدوای جێگرەوەیەکی سروشتیدا دەگەڕێن کە تامە شیرینییەکەی لەگەڵ
سوودە تەندروستییەکانیدا تێکەڵ بێت، لە بژاردە بەناوبانگەکانیش خورما و هەنگوینە، کە
هەردووکیان بۆ چەندین سەدە لە کولتوورە جیاوازەکاندا بەهۆی تایبەتمەندییە خۆراکی و
دەرمانییەکانیانەوە بەکاردەهێنرێن.
لە بابەتێکی ماڵپەڕی " Times Now"دا ئاماژەی پێکراوە، خورما و هەنگوین سوودی جیاواز پێشکەش دەکەن
خورما بە شیرینییە سروشتییەکەی ناسراوە، دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ و ڤیتامین و کانزاکان،
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا ١٠٠ گرام لە خورما ٢٧٧ کالۆری و ٧٥
گرام کاربۆهیدرات و ٧ گرام ڕیشاڵ و ٢ گرام پرۆتینی تێدایە هەروەها سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە
بە پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم و ڤیتامین B6 و ئاسن.
لە لایەکی ترەوە هەنگوین لە هەر ١٠٠ گرامێکدا، ٣٠٤ کالۆری
و ٨٢ گرام کاربۆهیدرات دابین دەکات. هەرچەندە بڕێکی کەم لە پۆتاسیۆم و ڤیتامینB لەخۆدەگرێت، بەڵام ڕیشاڵی تێدا نییە، هەنگوین تایبەتمەندی دژە بەکتریا و دژە هەوکردنی
هەیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە هەڵبژاردەیەکی زۆر باش.
خورما پڕە لە ماددە خۆراکیەکان، ڕیشاڵ و کانزاکان دابین
دەکات، لەکاتێکدا هەنگوین دژە ئۆکسێنەر و سوودی دژە بەکتریا پێشکەش دەکات.
دکتۆر لیزا یۆنگ، پسپۆڕی خۆراک و پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە
زانکۆی نیویۆرک دەڵێت " خورما بەهۆی ڕێژەی ڕیشاڵەکانیانەوە ڕێژەی گلایسیمیکی
مامناوەندی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی هەڵمژینی شەکر، لە توێژینەوەکانماندا
دەرکەوتووە کە خواردنی خورما نەبووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی شەکری خوێن بەڵام هەنگوین
ڕێژەی گلایسیمیکی بەرزتری هەیە و ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای شەکری خوێن."
جێگەی باسە خورما و هەنگوین
دەوڵەمەندن بە دژە ئۆکسێنەر، کە یارمەتی پاراستنی جەستە دەدەن لە هەوکردن و فشاری
ئۆکسجین
پسپۆران تیشکیان خستۆتە سەر ڕێژەی بەرزی فلاڤۆنۆید و کارۆتینۆید
و ترشی فینۆلیک لە خورمادا، کە پەیوەندییان بە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە
درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و زەهایمەرەوە هەیە، لە هەمان کاتدا دەرکەوتووە
پێکهاتە فینۆلیکەکانی ناو هەنگوین تایبەتمەندی دژە هەوکردنی بەرز دەکەنەوە و پاڵپشتی
تەندروستی دڵ دەکەن.
لە رووی هەرسکردنەوە، خورما دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵی خۆراکی
ئەمەش یارمەتی هەرس دەدات و رێگری دەکات لە قەبزی، ئەو کەسانەی ڕۆژانە خورما دەخۆن،
هەست بە باشتربوونی جوڵەی ڕیخۆڵە و تەندروستی ڕیخۆڵەکان دەکەن.
هەنگوین سەرەڕای کەمی ڕیشاڵی، تایبەتمەندی پریبایۆتیکی هەیە
واتە خۆراک دەدات بە بەکتریا سودبەخشەکانی ڕیخۆڵە، بەڵام کاریگەرییەکەی کەمترە.
خورما یارمەتی باشترکردنی تەندروستی مێشک دەکات بەهۆی تایبەتمەندی
دژە هەوکردنی، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی تێکچوونی دەمارەکان کەمدەکاتەوە.
هەنگوین بۆ چەندین سەدەیە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکاندا
بەکاردەهێندرێت وەک نەهێشتنی کۆکە، هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان.
هەرچەندە خورما و هەنگوین بە جێگرەوەیەکی تەندروست
دادەنرێت بۆ شەکر بەڵام بەشێک لە خەڵکی پرسیاری ئەوە دەکەن خورما یان هەنگوین کامیان
شیرینییەکەیان تەندروستترە؟ پسپۆران لە وەڵامی ئەمەدا باس لەوە دەکەن کە باشترین هەڵبژاردن
بەندە بە پێداویستییەکانی تاکەوە، بەم شێوەیە :
- بۆ تەندروستی ڕیخۆڵە:
خورما باشترین هەڵبژاردنە.
- وەک جێگرەوەی دەرمان و چارەسەرکردنی بەشێک
لە نەخۆشییەکان: هەنگوین هەڵبژاردەیەکی زۆر باشە
-بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن: خورما کاریگەری ئەرێنی هەیە.
لە کۆتاییدا هەردووکیان دەتوانن بەشێک بن لە خۆراکی تەندروست
کاتێک بە شێوەیەکی مامناوەند دەخورێن.