قاوە یەکێکە لەو خواردنەوانەی کە زۆر کەس حەزیان لێیە،
بۆ هەندێکیش بەشێکە لە خۆراکی ڕۆژانەیا.بەڵام ئایا تا ئێستا بیرت لەوە کردۆتەوە،کاتێک بۆ ماوەی مانگێک واز لە
خواردنەوەی قاوە دەهێنیت، چی بەسەر جەستەدا دێت؟
پرسیارێک کە گۆڤاری "Bestlife”ی
ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا کە لەم دواییانەدا بڵاوی کردووەتەوە و وەڵامی
داوەتەوە،شارەزایان
دەڵێن کەمکردنەوەی خواردنەوەی قاوە ڕۆژانە یان تەنانەت وازلێنێنانی بەتەواوەتی
سوودی بۆ جەستە دەبێت، ئەگەر لەناکاو واز لە خواردنەوەی بهێنیت، لەوانەیە سەرەتا
تووشی سەرئێشە و ماندوێتی و توڕەبوون و ئازاری ماسولکەکان بیت، بەڵام دوای مانگێک
پێدەچێت جەستەت خۆی لەگەڵ کەمی کافاین بگونجێنێت و لەوانەیە دەست بکەیت بە
تێبینیکردنی کۆمەڵێک کاریگەری ئەرێنی لەسەر جەستەت، بەم جۆرە:
یەکەم: باشتر خەوتن
یەکەم گۆڕانکاری گەورە کە رەنگە هەستی پێبکەیت دوای ئەوەی بۆ ماوەی مانگێک
بەبێ قاوە دەبیت ئەوەیە کە خەوەکەت باشتر دەبێت.
زۆرجار ئەمە بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانە راستە کە راهاتوون رۆژانە چەندین کوپ
قاوە بخۆنەوە، یان لە نیوەڕۆ یان ئێواران قاوە بخۆنەوە.
کاتێک واز لە خواردنەوەی قاوە دەهێنیت، لەوانەیە هەست بە باشتربوونی
کوالیتی و ماوەی خەوتنت بکەیت، ئەمەش دەبێتە هۆی پشوودانی باشتر و کەمتر
ماندوویەتی.
دووەم: باری دەروونی باشتر دەکات
هەروەها وازهێنان لە قاوە بۆ ماوەی مانگێک، دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری
بەرچاو لە باری دەروونیدا.
ئەو کەسانەی کە زۆرجار تووشی سترێس دەبن، لەوانەیە لە ماوەی مانگێکدا هەست
بکەن باری دەروونیان ئارام بووە.
لەڕاستیدا قاوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاستی هۆرمۆنەکانی وەک کۆرتیزۆڵ و
ئەدرنالین لە جەستەدا هەبێت و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە باری دەروونی و ئاستی وزە.
سێیەم: تەندروستی ددان باشتر دەبێت
هەروەها مانەوە بەبێ قاوە بۆ ماوەی مانگێک رەنگە تەندروستی و پاکوخاوێنی
ددانەکان باشتر بکات.
رەنگی قاوە دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕەنگی ددانەکان، بۆیە نەخواردنەوەی قاوە
دەتوانێت وا بکات ددانەکانت سپیتر دەربکەوێت.
شارەزایان دەڵێن، قاوە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی پیسی ددان
و وەرینی مینای ددان بەتایبەتی ئەگەر قاوەکەت لەگەڵ شیر یان شەکر بخۆیتەوە، بە
بڕینی قاوە بۆ ماوەی مانگێک لەوانەیە کەمتر تووشی کلۆربوون و کێشەی تری ددان ببیت.
چوارەم: هەرسکردن باشتر دەبێت
قاوە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ترشەڵۆک و تێکدانی کۆئەندامی هەرس، ئەمەش دەبێتە
هۆی ناڕەحەتی هەرس.
کاتێک مرۆڤ بۆ ماوەی مانگێک واز لە خواردنەوەی قاوە دەهێنێت، تێکچوونەکانی
هەرس وەک ئاوسانی سک و دڵەکزێ کەم دەبنەوە